ناوەندی هەواڵ
پەیمانگەی بەرشەلۆنە بۆ تەندروستیی جیهانی، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر کیشوەری ئەوروپا بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، مەزندە دەکرێت ساڵی ڕابردوو ٤٧ هەزار و ٦٩٠ کەس بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستدابێت.
توێژینەوەکە دەریخستووە زۆربەی کەیسی گیان لەدەستدانەکان لە دوو شەپۆلی گەرمای نێوەڕاستی مانگی تەمووز و ئابی پاردا بوون کاتێک پلەی گەرما لە زۆربەی وڵاتانی باشووری ئەوروپا ٤٤ پلەی تێپەڕاند.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەسانی بە تەمەنی وڵاتانی باشووری ئەوروپا، زۆرترین مەترسیان لەسەرە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمساڵ ڕایگەیاند، پلەی گەرما لە کیشوەری ئەوروپا، لەچاو ناوچەکانی دیکەی جیهان، خێراتر بەرز دەبێتەوە.




