هەورامان
سەرلە بەیانى ئەمڕۆ لە ناحیەى بیارە لە ناوچەی هەورامان، یەکێتى ژنانی کوردستان لقی شارەزوور، لە بۆنەیەکدا ٢٠ ژنى ناوچەی هەورامانی لە پای ماندوو بوون و کارکردنیان خەڵات کرد.
شارا عەبدول کەریم، لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان-شارەزوور لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها وتى: ئەم چالاکییەمان بە بۆنەی بوونی هەورامان بە ناوچەیەکى گەشتیاری لە یونسکۆدا و ڕەنجی ژنان لە ناوچەکەدا ڕێکخستووە، ئامانجمانە نیشانی بدەین کە ژنان لە بواری گەشتیاریدا لە هەورامان کاریان کردووە و ڕۆڵی گرنگیان هەیە، هەروەها لە هەوراماندا ژنان لە سەرجەم سێکتەرەکاندا هاوتا و یەکسانن لەگەڵ پیاواندا.
شارا باسی لەوەشکرد، ئەو بیست ژنەی هەڵبژێردراون خزمەتیان بە بواری گەشتیاری ناوچەکە کردووە: ئەو ژنانەی هەڵبژێردراون بە کارەکانیان لە بەڕێوەبردنی چێشتخانە، دروستکردنی خواردنە کوردەوارییەکان و دەستڕەنگینی کە هەم بووەتە بژێوییەک بۆخۆیان و هەمیش لایەنی گەشتیاری ناوچەکەیان پێشخستووە.
ڕێژوان کەمال، خاوەنى خواردنگەى نشینگەی ژەمێک لە خەرپانێ-هەورامان، وەک ژنێکی خاوەن کار بەشداری لەم مەراسیمە کردووە کە تێیدا ژنانی خاوەن کار خەڵاتکراون، هەروەها خۆشحاڵی و دەستخۆشی خۆی بۆ ڕێكخەرانی مەراسیمەکە دەربڕی کە ژنانی ڕەنجکێش و خاوەن کاریان بەسەرکردووەتەوە.
لە هەورامان لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا ژنان و پیاوان شان بەشانى یەکتر کاردەکەن و لەم چەند ساڵەی دوایشدا چەندین ژن لە هەورامان و هەڵەبجە خاوەن کاری خۆیان و لە ڕێیەوە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن و کلتوری کوردییشیان لە ناوچەکە زیندوو کردووەتەوە.
ت.پ



