فشار یەکێکە لە هۆکارەکانی دروست بوونی برینی گەدە

برینی گەدە بریتییە لە برینی ناوپۆشی گەدە یان ڕیخۆڵە باریکە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشبووەکە هەست بە ئازاری گەدە بکات و یەکێک لە هۆکارەکانی فشارە لەسەر کەسەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

برینی گەدە بەهۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدەوە ڕوودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەرس ئەم برینە لەسەر گەدە و هەروەها ڕیخۆڵە باریکەش دەردەکەوێت.

 

دوو جۆر برینی گەدە هەیە، برینی گەدە کە دەکەوێتە ناو گەدەوە، برینی دوانزەگرێ کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە.

 

نیشانەکانی برینی گەدە:

- ئاوسانی سک

- دڵەکزێ

- هێڵنجدان

- هەست نەکردن بە تێربوون.

- هەبوونی خوێن لە پیساییدا.

 

هۆکارەکانی دروستبوونی برینی گەدە:

-هەوکردنی هێلیکۆباکتێر پایلۆری, ئەمەش هەوکردنی بەکتریایە لە گەدەدا دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدە کە چینی پارێزەری سەر گەدە لاواز دەکات ئەمەش ڕێگە دەدات ترشەڵۆک بە ناوپۆشی گەدەدا تێپەڕێت کە ئەمەش شوێنێکی زۆر هەستیارە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی ناوپۆشەکە.

 

-فشار، یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە برینی گەدە بریتییە لە فشار، توێژینەوەیەک کە لە گۆڤارێکی پزیشکیدا بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات فشارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی کاریگەری لەسەر دروستبوونی برینی گەدە هەیە.

 

-جگەرەکێشان، برینی گەدە ئەگەری هەیە لەو کەسانەدا ڕووبدات کە زۆر جگەرە دەکێشن، ئەو کەسانەی جگەرەکێشن ئەگەری تووشبوونیان بە برینی گەدە 1.8 هێندە زیاترە بە بەراورد بەوانەی کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە.

 

- وەرگرتنی هەندێک چارەسەری شێرپەنجە، چارەسەری شێرپەنجە وەک چارەسەری تیشکی یان دەرمان ،هۆکارێکە بۆ دروستبوونی برینی گەدە، کە بەزۆری لە دوو مانگی یەکەمدا ڕوودەدات.