جەمیلە بوحەیرەد؛ سیمبولی بەرگریی جەزائیر

جەمیلە بوحەیرەد یەکێکە لە سیمبولەکانی تێکۆشانی سەربەخۆیی جەزائیر. بە بەرگری، بێدەنگیی لەبەردەم ئەشکەنجەدان و بەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی کە دژی بڕیاری لەسێدارەدانی دروستبوو، بوو بە فیگەرێکی بەرگریی ژنان.

ناوەندی هەواڵ 

 

کاتێک باس لە تێکۆشانی سەربەخۆیی جەزائیر دەکرێت، جەمیلە بوحەیرەد یەکێکە لە پێشەنگە هەرە پێشینەکان کە دێتە یاد؛ نەک تەنها بۆ وڵاتەکەی خۆی، بەڵکو وەک یەکێک لە ژنە سیمبولەکانی تێکۆشانی دژی داگیرکاری و مێژوونووسی وەردەگیرێت. جەمیلە بوحەیرەد کە لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی بە بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی (FLN) کرد، بەو شتانەی کە بەسەریدا هاتن، مۆری خۆی هەم لە مێژووی هاوچەرخی جەزائیر و هەم لە بیرەوەریی ڕای گشتیی جیهاندا دا.

 

منداڵییەکەی لەژێر سێبەری داگیرکاریدا تێپەڕی

جەمیلە بوحەیرەد لە ساڵی ١٩٣٥ لە گەڕەکی قەسەبەی جەزائیر لەدایکبوو، لە سەردەمێکدا گەورە بوو کە داگیرکاریی فەڕەنسا بەسەر جەزائیردا زاڵ بوو. جەمیلە کچی باوکێک جەزائیری و دایکێکی تونسی بوو، لە منداڵییەوە شایەدی نادادپەروەرییەکانی سەر وڵاتەکەی بوو.

 

هەرچەندە لە قوتابخانەیەکی فەڕەنسیدا خوێندبووی، بەڵام هیچ کاتێک خۆی وەک خاوەن ناسنامەیەکی فەڕەنسی پێناسە نەکرد. دەوترێت لە کاتی خوێندنەوەی سوێندی دایکمان فەڕەنسایە کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرا، ئەو دژ وەستاوەتەوە و وتوویەتی دایکمان جەزائیرە، بەهۆی ئەمەشەوە سزای دیسپلینی وەرگرتووە. بەپێی دەوروبەرە نزیکەکەی، ئەم هەڵوێستەی یەکێک بوو لە یەکەمین نیشانەکانی ئەو ڕۆڵە بەرگرییەی کە لە داهاتوودا دەیگرتە ئەستۆ.

 

ئەو شتانەی بەسەر بنەماڵەکەیدا هاتن بڕیارەکەیان گۆڕی

لە پەیوەندیکردنی جەمیلە بوحەیرەد بە تێکۆشانی سەربەخۆییەوە، ئەو ڕووداوانەی بەسەر بنەماڵەکەیدا هاتن کاریگەرییەکی گەورەیان دروستکرد. لەسێدارەدانی مامی و ئەو ئەشکەنجە قورسەی کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا درایە یەکێک لە براکانی، وەک خاڵی وەرچەرخان نیشان دەدرێن و بوونە هۆکاری ئەوەی ئەو بەشداری بەرگریی چەکداری ببێت.

 

جەمیلە بوحەیرەد کاتێک تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو پەیوەندی بە ڕیزەکانی (FLN) کەرتی ناوشارەوە کرد. وەک یەکێک لەو کەسانەی کە کاری پەیوەندی و گەیاندنی هەواڵی لە نێوان تێکۆشەراندا دەکرد کاری کرد و ناویشی کەوتە نێو لیستی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی فەڕەنسا پتر لە هەمووان بەدوایاندا دەگەڕا.

 

دەستبەسەرکرا و ئەشکەنجەیەکی قورسی درا

جەمیلە بوحەیرەد لە ساڵی ١٩٥٧دا، لەو کاتەی کە بەڵگەنامەی نهێنی دەگواستەوە بریندار بوو، دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەیەکی درێژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا. بەپێی شایەتحاڵەکان، ئەو لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر قورس بووەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر هەڤاڵانی ڕێکخراوەکەی نەدرکاند.

 

ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵی دەکرا، لە ماوەیەکی کورتدا لە سنوورەکانی فەڕەنسا تێپەڕین و کەوتنە ناو ڕۆژەوی ڕای گشتیی نێودەوڵەتییەوە.

 

کەوتە ڕۆژەوی جیهانەوە

دادگاییکردنی جەمیلە بوحەیرەد ئیتر لە دۆسیەیەکی سزایی ئاسایی دەرچوو. بەهۆی ئەو تێکۆشانە یاساییەی کە پارێزەرە فەڕەنسییەکەی، ژاک ڤێرگێس بەڕێوەی برد، دۆسیەکە سەرنجی میدیاکانی جیهانی ڕاکێشا. هونەرمەندان، نووسەران، سیاسەتمەداران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە دژی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی کەمپینیان ڕێکخست. لە چەندین وڵاتدا بە دروشمەکانی "ئازادی بۆ جەزائیر" و "لێبوردن بۆ جەمیلە بوحەیرەد" خۆپیشاندان سازکران.

 

دوای زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری لەسێدارەدانەکەی کە بەسەریدا سەپێنرابوو جێبەجێ نەکرا و دواتر سزاکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

 

جەمیلە بە وتنی: من وڵاتەکەم خۆش دەوێت لە دادگادا بەرگری لە خۆی کرد، ئەمەش بۆ چەندین ساڵ وەک یەکێک لە سیمبولەکانی تێکۆشانی سەربەخۆیی بە بیر هێنرایەوە. جەمیلە بوحەیرەد ڕایگەیاند کە ئەو ئازادیی جەزائیری دەوێت و لەبەر ئەم هۆکارەش پەیوەندی بە بەرەی ڕزگاریی نیشتمانییەوە کردووە، هەروەها بە وشەی توند ڕەخنەی لە دەسەڵاتی داگیرکەر گرت.

 

لەگەڵ سەربەخۆییدا گەیشتە ئازادیی خۆی

دوای شەڕی سەربەخۆیی کە نزیکەی هەشت ساڵی خایاند، جەزائیر لە ساڵی ١٩٦٢دا سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا. جەمیلە بوحەیرەدیش ماوەیەکی کورت پێش سەربەخۆیی لە زیندان ئازاد کرا. جەمیلە بوحەیرەد کە دوای سەربەخۆیی گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی، وەک سەرۆکی یەکێتیی ژنانی جەزائیر هەڵبژێردرا و بۆ چەندین ساڵ لە کارەکانی مافی ژنان و پشتیوانیی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بوو.

 

ژیانی بوو بە فیلم

چیرۆکی ژیانی جەمیلە بوحەیرەد بووە ئیلهامبەخشی چەندین کتێب و فیلم. لە فیلمی جیۆ لۆپۆنتێکۆربۆ دەرهێنەری ئیتاڵی بە ناوی شەڕی جەزائیر ــ کە وەک یەکێک لە کلاسیکەکانی سینەمای جیهان دادەنرێت ــ ئەو وەک یەکێک لە سیمبولە ژنەکانی بەرگری نیشان درا. یووسف شاهینیش دەرهێنەری میسری لە ساڵی ١٩٥٨دا بە فیلمی جەمیلەی جەزائیری جەمیلە بوحەیرەد تێکۆشانی ئەوی هێنایە سەر شاشەکان.

 

ئەمڕۆ جەمیلە بوحەیرەد نەک تەنها لە مێژووی سەربەخۆیی جەزائیردا، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک یەکێک لە سیمبولە ژنە بەهێزەکانی بەرگریی دژی داگیرکاری بە بیر دەهێنرێتەوە.