ژیاننامەی ئەمڕۆ: ئامینە کارا- پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد

ئامینە کارا، ناسراو بە "ئەڤین"، ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی “هیلال”ی سەر بە شارۆچکەی قیلەبانی شرناخ لەدایکبووە.

 

بە درێژایی تەمەنی لەپێناو ئازادی ژن و گەلی کورددا تێکۆشانی کرد، هەڵمەتی ١٥ی تەباخ/ئاب بە پێشەنگایەتی فەرماندەی ئەفسانەیی کورد، مەحسوم کۆرکماز، وەک هەموو گەنجانی دیکەی ناوچەکە کاریگەری لە ئامینە دەکات و لەوێوە ژیانی تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا دەستپێدەکات.

 

ئەڤین هەر لەمنداڵییەوە ڕووبەڕووی دڕندەیی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بووەتەوە، لە تەمەنێکی بچووکدا شاهیدی ئەوەبووە، چۆن تورک بێبەزەییانە گوندەکانیان دەسووتاند و ئەشکەنجەی کوردەکانیان دەدا، هەربۆیە کاتێک دەگاتە تەمەنێکی گونجاو بڕیاری تێکۆشان لەپێناو ئازادی گەلەکەیدا دەدات و لە ساڵی ١٩٨٨ دەچێتە چیاکانی کوردستان.

 

ئەڤین، ئازادی کۆمەڵگەی کوردی لە ئازادی ژندا دەبینی، بۆ ئەوەش لە هەموو گوند و چیاکانی بۆتان و زاگرۆس دژی داگیرکەری تورک، ماوەی ٣٤ ساڵ لە چیای هەرەکۆلی باکووری کوردستان، تا ڕەققە و لەوێشەوە بۆ شەنگال بێوچان خەباتی کرد، دواتر بەهۆی برینداربوونی لە شەڕی دژ بەداعش لە ڕۆژئاوا، نێردرایە دەرەوەی وڵات بۆ وڵاتی فەڕەنسا.

 

لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەری لە پاریس، دووبارە خەبات دەستپێدەکاتەوە و بەردەوام هەوڵی یەکخستن و یەکڕیزکردنی کوردانی داوە، بەڵام ڕۆژی هەینی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لەکاتی ئامادەکارییەکان بۆ ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٣ی پاریس، دووبارە لە هەمان شار لە هێرشێکی تیرۆریستیدا بۆ سەر ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا، هونەرمەند میر پەروەر و "ئەڤین" پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد و عەبدوڵا کزل شەهید بوو.

 

ئەڤین پەروەردەی کولتووری بۆتان بوو، ژنێکی ئازا و ماندوونەناس بوو، لە مانای ڕاستەقینەی نیشتمانپەروەری و ئازادی تێگەیشتبوو، ژنێکی پێشەنگ بوو، بەدڵ و عەقڵی خۆی لەدژی داگیرکەران خەباتی کرد، هەموو ژیانی خۆی لەپێناو ئازادیدا بەختکرد و بە شوێن پێی ساکینە جانسز و ژنە شەهیدەکانی بۆتاندا هەنگاوی نا، هەربۆیە وەک هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان، هەمیشە ناوی بە نەمری لە پەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە.