ژنان شادەماری فیستیڤاڵە کوردییەکانن
ڕێژوان دیاری- نووسەر
کارکردن، هاتنە دەرەوەی ژنان و دەرچوون لەو قاڵبە دیاریکراوەی کە کۆمەڵگە بۆی کێشابوون، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. واتە لە سەرەتای ئافراندنی مرۆڤەوە، بێ جیاوازیی ڕەگەز، ئاین و هەموو هۆکارەکانی دی، هەمیشە ژنانێکی ئازا و بوێر هەبوون کە لەسەر پێییەکانی خۆیان وەستاون. سەرەڕای هەر ئەگەر و بەربەستێک کە بەردەوام لەبەردەمیاندا بووە، هەوڵی بەدەستهێنانی بژێویی ژیانی خۆیانیان داوە. واتە جیا لە ئەرکە هەرە مەزنەکەی کە سروشت وەک بەشێکی نەبڕاوە لێی نەخشاندووە و و ئەرکی پیرۆزی دایکایەتی ئەنجام دەدات.
بۆ نموونە، ئەگەر ئێمە لاپەڕەکانی مێژووی کورد هەڵبەینەوە، دەبینین ژنانی کورد هێندە ئازایانە و بەجەرگانە- سەرەڕای هەموو ئەو کولتوورە پیاوسالارییەی کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو کوردا هەبووە و هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و لە پەرەسەندندایە، کە چەندان ڕێگریی دابونەریت، ئاین و ڕەگەز بەرۆکی پێ گرتوون - بەڵام دەتوانین بڵێین هێشتا لەپەنا ئەو ئەرکە پیرۆزەشەوە، کۆی هەموو ئەمانە ڕێگر نەبوون لەبەردەم ئەرکە پیرۆزەکەی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵی تەندروست و بەهرەمەند. بۆیە ئێمە دەبینین بەردەوام ژنانێک هەن کە هێز و بازووی خۆیان لە کۆمەڵێک ئەرکی پیرۆزی تردا دەنەخشێنن.
واتە دەبینین جیا لەوەی ژنان خاوەن بڕوانامەن، هەندێک لەو ژنانەی کە بەپێی ڕۆژگار و هەر هۆکارێک و بەربەستێکی دیکەی کۆمەڵایەتی بێت ئەگەر دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا بێت، هێشتا ئێمە بەشێکی زۆری ژنان دەبینین لە ماڵەکەی خۆیاندا هەوڵ دەدەن برەو بە توانا، بەهرە و دەستوپەنجە ڕەنگینەکانی خۆیان بدەن. بۆ نموونە، ئەگەر تەماشا بکەین لەم ساڵانەی کۆتاییدا لە کوردستان چەندین فیستیڤاڵی کوردی و کولتووری بەڕێوە دەچن؛ وەک فیستیڤاڵی تایبەت بە گوندەکانی ناوچەی هەورامان و گوندەکانی کوردستان بەگشتی، کە هەر گوند و ناوچەیەک ساڵانە یاخود چەند ساڵ جارێک ئەم جۆرە فیستیڤاڵ و بۆنە کوردییانە ساز دەکەن. لێرەش دەبینین مێژووی ناو گوندەکان پڕن لە ژنانی ئازا، بەهرەدار و داهێنەر، کە چەندین ژنمان هەیە لەودیو دەرگای ماڵەکەی خۆیدا چەندین بابەت و کەرەستەی جوانی بە دەستەکانی خۆی نەخشاندووە. بۆیە کاتێک ئەم جۆرە بۆنە و فیستیڤاڵە کوردییانە ساز دەکرێن، هەمیشە ژنانی کورد دەبنە کرۆکی ئەم فیستیڤاڵانە و سوود لە تەواوی بەرهەمەکانیان دەبینرێت و پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ زیاتر واڵاکردنی بۆنە کولتوورییەکان.
بابەتەکەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە بۆچی کوردستان بەم دواییانە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە لەم دۆخە نالەبارەی ئێستا کە کوردستانی تێدایە؛ نەخێر، بەڵکوو مەبەستمانە تیشک بخەینە سەر ئەوەی بۆچی بەشێوەیەکی زۆر ڕوون دەتوانین بڵێین، خۆشبەختانە، بەشێکی زۆری ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە کچان و ژنانی کوردن. لەبەر ئەوەی ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو ژنانی زەحمەتکێش، ئازا و قوربانیدەر بوون لەپێناو ماڵ، منداڵ، پاراستنی خێزان و هاوسەرەکەیان، هەروەها هەمیشە ژنانێکی بەهرەمەند و داهێنەریش بوون—وەک ئاماژەمان پێ دا، سەرەڕای هەبوونی هەموو ئەو بەربەستە ئاینی و کولتوورییانەی کە هەمیشە هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگە بوون و هەتا ئەمڕۆش کاریگەرییان هەیە لەسەر ژنانی کورد.
واتە لێرەدا با ئێمە هەمیشە لە ڕووە نەرێنییەکانەوە سەیری بارودۆخەکە نەکەین، بەڵکوو ئێمە لە ئێستادا لەو لایەنەوە بڕوانین کە سەرەڕای هەر بارودۆخ و قەیرانێکی ئابووری کە لەم نیشتمانەدا بوونی هەیە، وەک ئاماژەمان پێ دا، ژنانێکی زۆر بەشێوەیەکی بەرچاو بوونەتە شادەماری هەموو فیستیڤاڵ و چالاکییە کوردییەکان، کە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە- جیا لەوەی توانا، بەهرە و دەسترەنگینییان سیمایەکی جوانی بەخشیوە- لەگەڵ ئەوەشدا قازانجێک (ئەگەر کەمیش بێت) بەدەست بێنن و لەسەر پێیەکانی خۆیان ڕاوەستن.
واتە جیاواز لە هەموو ئەو قازانجانەی لەڕووی مێژوویی و ئابوورییەوە بەدەستی دەهێنن، دەبینین ژنانی کورد لە کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ بەشێک بوون لە مێژووی سەردەمی ئاڵوگۆڕ. بۆ نموونە، وەک وتمان، ژنان بە دەست و بازووی خۆیان کەلوپەل و پێداویستیی خۆیان دروست کردووە و پاشانیش لە ماڵەکانی خۆیان هاتونەتە دەرەوە و برەویان بە کارەکەیان داوە و بازرگانییان بە شمەکەکانیان و تواناکانی خۆیان کردووە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ژنانی کوردیش بازرگان بوون و بازرگانییان بە کاڵاکانیانەوە کردووە.
پێتان وانییە سەرەڕای هەر ڕەخنە و گلەیییەک کە لە دڵی تاک بە تاکی کوردا لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت، دەتوانین وەک خاڵێکی ئەرێنی بڕوانینە ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە؟ چونکە خۆشبەختانە ژنانێک زۆر ئازایانە، بە هێزێکی زۆر و بە بڕوابەخۆبوونێکی تەواوەوە لەسەر پێیەکانی خۆیان وەستاون و، سەرەڕای هەر ڕێگرییەکی کۆمەڵگە، هەوڵ دەدەن ژیانێکی شایستە و ئابوورییەکی سەربەخۆ بەدەست بخەن.
لەم جۆرە فیستیڤاڵ و بۆنە کولتوورییانەدا ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، هەموو بەرهەمەکان خۆماڵی و کوردین و ژنانی کورد پشکی شێریان بەردەکەوێت لەوەی بەرهەم، هەوڵ و ماندووبوونەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. بە خۆشحاڵییەوە خەڵکانێکی زۆر بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ دەستخستنی بەرهەمە خۆماڵی و تەواو کوردییەکان. ئەوەشی جێگەی سەرنجە، دیاردەی مەسرەفگەرییش زۆر کەم هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت، چونکە سەرەڕای هەر قەیرانێکی ئابووری کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئێستا کۆمەڵگەی کوردی بە خۆشحاڵییەوە چاوکراوەتر و ڕۆشنبیرترن. ڕاستە مرۆڤ هەمیشە حەزی ئەوەی تێدا زیندووە کە شتانێکی نوێ تاقیبکاتەوە، بەڵام لێرە لەم جۆرە بۆنە و فیستیڤاڵانەدا بەپێی پێویست بەرهەمەکان بەدەست دەهێنرێن و چێژیان لێ وەردەگیرێت.
تەواوی بەرهەمەکان خۆماڵی و کوردین و ژنان و کچانی کورد تەواوی هێز و بەهرەی خۆیان لێرە دەخەنە ڕوو. بۆ نموونە، چەندین چیرۆکمان هەیە لەنێو ئەم فیستیڤاڵ و بۆنە کوردییانەدا کە ژنانێک دەبینین بەشێکیان کەرەستە و پێداویستیی ڕۆژانەیان دروست کردووە، بەشێکیان چایخانەیان هەیە کە میوانێکی زۆر بە خۆشحاڵییەوە دەچنە نێو چایخانەکەیان و چایەک بە دەستی ژنە کوردێک دەخۆنەوە؛ یاخود نموونەیەکی تر، ژنانێک دەبینین بەرهەمێکی تەواو کوردی و خۆماڵییان بە دەستوپەنجە ڕەنگینەکانی خۆیان بەرهەم هێناوە و وەک براندێکی کوردی ناساندوویانە و خواستێکی باشی لەسەرە. ئەمانە و چەندین نموونەی دیکە لێرە دەبینرێن کە جێگەی خۆشحاڵییە کە هەمیشە ژنانی کورد بەشێک بوون لە مێژووی خەبات و داهێنانی کورد.
بێگومان سازدان و ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە گرنگ و پێویستن، چونکە گۆڕانکارییەکی باش لەڕووی ئابووری و هەلی کارەوە دەڕەخسێنن، وە زەمینەیەکی باشیشە بۆ دەرکەوتن و پیشاندانی بەهرە و تواناکانی ژنانی کورد.