پێشانگای کاری دەستڕەنگینی ژنان لە کرماشان بەڕێوەچوو

پێشانگای هاوینەی "تاقبۆستان" لە شاری کرماشان بە پاڵپشتی کاری دەستی و میراتی فەرهەنگی لە دەڤەری بیستۆن بەڕێوەچوو کە تیایدا ژنان بەرهەمە دەستییەکانیان بە کڕیاران ناساند.

کرماشان

پێشانگای هاوینەی "تاقبۆستان" بە پاڵپشتی کاری دەستی و میراتی فەرهەنگی لە ناوچەی چیای بیستۆن بەڕێوەچوو، ئەم پێشانگایە بەیانیان لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١:٠٠ پاش نیوەڕوش و ئێواران لە کاتژمێر ٤:٠٠ بۆ ١٠:٠٠ شەو بەردەوام دەبێت.

پێشانگاکە بە سەرپەرشتی فەتحی و لەیلا ئەحمەدی بەڕێوەچوو لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستی پێکردوە و تا کۆتایی هاوین بەردەوام دەبێت.

 

لەم پێشانگایەدا چەندین کۆشکی تیادایە بەرهەمی چەرم، جلوبەرگی کوردی، کاری دەستی دار، بەرهەمی خۆراکی تیادا دەبینرێت و خاوەن کۆشکەکان زۆربەیان ژنانی خەڵکی کرماشانن.

 

یەکێک لە بەشداربوانی پێشانگاگە بە ئاژانسی نوژنهای ڕاگەیاند: " ئێمە فێرکاری بەرهەمە دەستییەکانی چەرم بەو ژنانە دەدەین کە سەرپەرشتی ماڵن یاخود باری داراییان لە خوار ئاستی مامناوەندەوەیە، دواتر لە پێشانگاکەدا بەرهەمەکانیان دەفرۆشین، کارەکان سەرجەمیان لە چەرمێکی سروشتی دروستکراوە و بە دەست دوراون."

 

تاقبۆستان بە هۆی نزیکی لە شوێنەوارە مێژووییەکان لە پێشوازیکردن و بازاڕکردنی خەڵک و گەشتیاران لە ئاستێکی باشدایە.

 بەشداربوویەکی دیکەی پێشانگاکە کە کۆشکێکی بەرهەمە خۆراکییەکانی هەبوو، بەخێرهاتنی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆی کرد و دەربارەی پێشانگاکە دەڵێت: " بازاڕکردنی خەڵک بەندە بە پێداویستییەکانیان و بازاڕکردن لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی زیاترە لە ڕۆژانی دیکە. "