کارگەی نانی تیری دەوەن هەلی کارە بۆ کۆمەڵێک ژن

لە هەرێمی ڕاپەڕین ژنان کار دەکەن و دەیانەوێت ڕێگرییەکانی بەردەمیان بشكێنن، کارگەی نانی تیری دەوەن لە شاری ڕانیە، بووەتە هەلی کار بۆ کۆمەڵێک ژن و بە کارکردن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- کارگەی نانی تیری دەوەن لە شاری ڕاپەڕین بووەتە هۆکارێک کە کۆمەڵێک ژن بتوانن تیایدا کار بکەن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، شەونم عەبدوڵا ساڵح، یەکێکە لەو ژنانە و ماوەی ١٠ ساڵە لە کارگەکەدا کار دەکات، وەک خۆی دەڵێت ئامانجی لە کار کردن دەستەبەرکردنی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانییەتی، چونکە قەیرانی دارایی هەیە.

 

شەونم عەبدوڵا دەڵێت: ئێستا قەیران هەیە، دەمانەوێت بژێوی ژیان و ماڵ و منداڵمان دابین بکەین، ئێمە لە کارگەکە ١٠-١٢ ژنین کار دەکەین و هەموو کارەکەمان خۆش دەوێت، لە سەرەتاوە کار کردن قورس بوو، بەڵام ئێستا من ئەگەر ڕۆژێک نەیەم بۆ کار بێتاقەتی دەبم.

 

شەونم باس لە قەیرانی دارایی دەکات کە کاریگەری لە هەمووان کردووە، دەشڵێت: ئێستا قەیرانە و زۆر زەحمەتە، مووچە دوادەکەوێت، خەڵک کرێچییە و پارەی نییە، بەڵام کە بۆ خۆیان بێن و ئیش بکەن، دەتوانن قەیرانەکە تێبپەڕێنن، مەرج نییە هەر نان کردن بێت، ئەوە هەموو ئیشە بۆ ژنان دابین کراوە و هیوادارم ڕێگایان لێ نەگرن، چونکە ئەگەر ژنان کار بکەن، دەتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن و قەیرانیش زۆر کاریگەری لەسەریان نەبێت.

 

شەونم تیشکی خستەسەر دۆخی ژنان، کە زۆر ژن هەیە، حەز دەکەن کار بکەن و توانان هەیە، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت، بۆیە دەڵێت: حەز دەکەم هەموو کەسێک ئازاد بێت لەوەی کار بکات، پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە کە کار بکەن، داوا لە باوک و برایانیش دەکەم ڕێگری کارکردنی ژنان نەکەن، چونکە ئیش کردن عەیب نییە، ئێمەش دەتوانین ئیش بکەین و هێندە گۆشەگیری ژوورەوە نەبین، هێندە فکر نەکەینەوە قەیرانە و پارە نیە، چونکە کە ئیشت کرد زۆر خەمی پارەت نابێت.