چیدەم کایا جلوبەرگی کۆن دەگۆڕێت بۆ جانتای نوێ

چیدەم کایا سەربەخۆیی ئابووریی خۆی بە فرۆشتنی ئەو جانتایانەی کە دووبارە لە جلوبەرگی کۆن دروستیکردووە، بەدەستهێناوە، داوای لە ژنانیش کرد بەشداری بەرهەمهێنان بکەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری ببنەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- چیدەم کایا کابۆ دڕاو و کۆنەکانی فڕێ نەداوە و بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە بەکایان دەهێنێت، کیس و جانتای جۆراوجۆریان لێ دروستدەکات و کردوویەتیە بژێوی ژیان بۆخۆی و هاوکارییەک لەو قەیرانە داراییەی کە ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.

 

جانتا دروستدەکات و دەیانفرۆشێتەوە

چیدەم کایا بۆ ماوەی چوار ساڵ ڕاهێنانی لە بواری کاری دەستیدا کردووە، دەڵێت، بیرۆکەی دروستکردنی جانتا لە ڕێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پارچە کۆنەکانی بۆ هاتووە، چەندین جۆری جانتای دروستکردووە وەک دوو شانی و یەک شانی، سەرەتا لە ماڵەوە فرۆشتوویەتی، دواتر لە سور فرۆشگایەکی کردووەتەوە و هەموو جانتاکانی تێدا نمایشکردووە بۆ فرۆشتن.

 

"قەیرانی ئابووری هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ کارەکەم"

چیدەم ئاماژەی بەوەدا، لە دوای خراپتربوونی قەیرانی ئابووری دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، تا بە فرۆشتنی جانتاکان لە فرۆشگاکەیدا ئابووری خۆی دابین بکات، دوای ئەوەی کارەکەی لەلایەن خەڵکەوە پەسەندکرا، چەندین جۆر و نەخشی دیکەی دروستکردووە، ئەمەش لە کاتی قەیراندا هاوکاری سەرەکی بووە، "کاتێک بەرهەم دەهێنم، زۆر دڵخۆشم، ئێستاش هەوڵدەدەم مۆدێلی جیاواز و جۆراوجۆر دروست بکەم".

 

چیدەم جەختیشی لەوە کردەوە کە "پێویستە ژن بیرۆکەکانی خۆی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی شتی جیاواز بەرهەم بهێنێت، کاتێک ژن شتێکی دەوێت، دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، کۆمەڵگە پێیوایە کە ژنان ناتوانن زۆربەی کارەکان ئەنجامبدەن، بەڵام هەموو جیهان دەبینێت کە ژن دەتوانێت چی بکات".