کردنەوەی مەرزی کێلێ کێشەکانی گوندی بێورانی زیاتر کردووە

نەسرین ب. دەڵێت: کردنەوەی بازاڕی کێلێ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووری گوندی بێوران نییە، تەنها ژاوەژاوی ئۆتۆمبێلەکان کە لە شارەکانی تری ئێرانەوە دێن بۆ ئێمە زیادی کردووە.

لارا گەوهەری

 

بێوران- مەرزی کێلێ دەروازەیەکی سنوورییە لە نێوان شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارۆچکەی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، کە دەکەوێتە دووری ١٠کم لە شاری سەردەشت و ٢٠کمی قەڵادزێ، ئەم دەروازەیە و گومرکەکەی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بە فەرمی کراوەتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ هاتوچۆ تیایدا زیاد دەکات، خەڵکێکی زۆر بۆ سەردان و بازاڕکردن لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە هاتووچۆ دەکەن، بەهۆی بەرزی نرخی شتومەک و دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر بە دینار، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەچنە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پێداویستی پزیشکی و جوانکاری و ژیانیی دەکڕن.

 

لەگەڵ کردنەوەی ئەو سنوورەدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاد دەکات و بە گوندی بێورانی گەشتیاریدا تێدەپەڕن، گوندەکە کە بەهۆی سەوزایی و کەشوهەوای گونجاوییەوە خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، ژنان نان و لەواشە و کەلانە دروستدەکەن و چەندین کافێ و چێشتخانەش هەیە کە ڕۆژانە پێشوازی لە میوانەکان دەکەن.

 

زەهرا ع. ژنێکی ڕەنجکێشە، ڕۆژانە لە سەردەشتەوە دەچێتە بێوران تا لە دوکانێکی ناندا کار بکات، سەبارەت بە بازاڕی بازرگانی گوندەکە لە دوای کردنەوەی مەرزی کێلێ دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئێرە شوێنێکی گەشتیارییە و فرۆشمان هەیە، پێمان وابوو، دوای کردنەوەی مەرزەکە فرۆشمان زیاتر دەکات، بەڵام وەها نەبوو، چونکە لە مەرزەکەوە ڕێگە نادەن، خەڵک نان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە بۆ باشووری کوردستان، بە بیانووی ئەوەی دەڵێن لە ئێران کەمیی نان دروست دەبێت.

 

سەبارەت بە دۆخی ژیانی دەڵێت: من خێزانێک بەڕێوەدەبەم و دوو منداڵم هەیە، هاوژینەکەم کۆچی دوایی کردووە، لێرە کار بۆ ژنێک دەکەین و من نان دەبرژێنم ، ڕۆژانە مووچەم پێدەدرێت، نرخی هەر نانێک شەش هەزار تمەنە و لەواشەش سێ هەزار تمەنە، ڕۆژانە سێ ژن تا ئێوارە پێکەوە کاردەکەین و گەشتیاران لە شارە جیاوازەکانەوە دێن و نان و لەواشە دەکڕن.

 

نەسرین ب. خاوەنی نانەواخانەکەیە و دەڵێت: ئەم دوو ژنە لە فڕنەکەمدا کاردەکەن، نان و لەواشە دروستدەکەن، منیش نانەکان دەکەمە دەستە، مووچەکەیان پەیوەستە بە فرۆشی ڕۆژانەی نانەکەوە، منیش هەوڵم داوە بە دادپەروەرانە مووچەیان پێبدەمم  چونکە ڕۆژانە ماندوو دەبن، بەڵام بەو پێیەی ئێمە پشکی ئاردمان نییە و نرخی نانیش بۆ ئێمە گرانە، بە تێکڕا ڕژانە ١٥٠ هەزار تمەن مووچەیانە.

 

سەبارەت بە کاریگەری کردنەوەی مەرزی کێلێ لەسەر ئابوری گوندی بێوران دەڵێت: کردنەوەی ئەم بازاڕە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕەکەمان نەبووە، تەنها ژاوەژاوی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە دێن بۆ ئێمە زیادی کردووە، چونکە خەڵک ئەو نانەی لێمان دەکڕن ناتوانن لە دەروازەکەوە ببەنە ئەودیو، خەڵک زیاتر سەرقاڵی فرۆشتنی نان و میوە و خواردنە بۆ گەشتیاران، شۆربای گەشتیارانن، مەرزەکە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ ئێمە سوودی نەبووە، بەڵام بێوران زۆر قەرەباڵغە و هەموو ڕۆژێک میوانێک لە هەرێمی کوردستانەوە دێت.