ژنانی کرێکار و مامۆستایانی مهاباد بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە زیانیان بەرکەوتووە

دۆخی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەختە و ژنان لەم ڕۆژانەدا زیاتر بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن، جیاکاری لە هەموو لایەکەوە هەیە، حکومەت قەیرانی ئابووری و جیاکارییەکانی چڕتر کردووەتەوە.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا ژنان لە بازنەی ئابووریدا ڕۆڵێکی کارا دەبینن و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای هەڵاواردنی جێندەری و نادادپەروەرییە یاسایی و کولتوورییەکان شاهیدی هەوڵەکانی ژنانن، کە کاریگەرییان لەسەر ئەم سەردەمە هەیە، ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە و قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بارودۆخی ژیان و داهاتی ژنانی کرێکار هەبووە.

 

"فشاری ئابووری قورسایی لەسەر شانم دادەنێت"

شەیدا قادری، بەرگدروو لە شاری مهاباد، خێزانێکی چوار کەسییان هەیە و کرێچین، سەبارەت بە دۆخی کارەکەی دەڵێت: نزیکەی مانگێکە کارەکانم سەرلەنوێ گەشەی کردووەتەوە و لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا بەهۆی شەهیدبوونی چەند کەسێک لە مهاباد، خەڵک هەموو ڕێوڕەسم و ئاهەنگی هاوژینگیریان هەڵوەشاندبووەوە و ئەو ڕووداوانەش کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کارەکانم و هاوکارەکانم هەبووە، من زیاتر جلوبەرگی کوردی دەدرووم، هەرچەندە نرخەکان لەلایەن سەندیکاوە زیادکراوە، بەڵام هێشتا بەشی بژێوی ژیان دابین ناکەن.

 

سەبارەت بە نرخەکان دەڵێت: جلێکی کوردی سادە بە ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار تمەن دەدرووێت و ئەگەر وردەکاریش بێت ئەوا ٥٠٠ هەزار تمەنە، بەرگدرووەکان یەک نرخ پەیڕەو ناکەن و ئەگەر ناسراو بن، بۆ چنینێکی سادە ٧٠٠ بۆ یەک ملیۆن تمەنیان پێدەدرێت و هەندێکجاریش ئەم بڕە پارەیە دەگاتە ٢ بۆ ٣ ملیۆن تمەن، بەڵام زۆربەی خەڵک توانای ئەوەیان نییە ئەو بڕە پارەیە بدەن و بەدوای بەرگدروودا دەگەڕێن، کە نرخێکی گونجاویان هەبێت، ئەوانەی کڕیاری دووینمانن هێشتا مامەڵەیان لەگەڵ نرخەکەدا کردووە و لە ئێستادا بە نرخێکی کەمتر کاردەکەین بۆ ئەوەی کڕیارەکان ڕابکێشین، هەرچەندە داهاتم هەیە، بەڵام فشارە ئابوورییەکان هێشتا لەسەر شانمن و خۆم لە کڕینی شتومەکی زیادە بەدوور دەگرم.

 

"بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین، خەڵک وەک جاران پێداویستی ناکڕن"

زەهرا محەمەدی خاوەنی دوکانێکی جلوبەرگی ژنانە، سەبارەت بە دۆخی بازاڕ دەڵێت: تەنانەت پێش ناڕەزایەتییەکانیش نرخی کاڵاکان بەرزببوونەوە و فرۆشی بازاڕەکەمان دابەزیبوو، لە سەرەتادا زیاتر کاڵای بیانیم دەفرۆشت، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نەک نەمتوانی بۆ دوکانەکە بیکڕم، بەڵکو ئەو جۆرە کاڵایانە لە بازاڕدا بەردەست نین، زۆربەی کاڵاکانی دوکان کەلوپەلی ئێرانین، وە ئەگەر کوالیتی باش بن، نرخەکانیان وەک کاڵای بیانی گرانبەهایە، بەڵام کوالێتی کاڵای ئێرانی هێشتا نزمە.

 

زەهرا وتیشی: جلوبەرگ یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستی جەستەیی و دەروونییەوە هەیە، وەک هەموو دوکاندارەکان داهاتم زۆر نییە و ناتوانم خەرجییەکانی ژیانمی پێ دابین بکەم، خەڵک وەک جاران پێداویستییەکان ناکڕن، زۆرتر کەلوپەلی پێویست دەکڕن و خۆیان لە کڕینی کەلوپەلی ناپێویست بەدوور دەگرن بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە.

 

مینا کرێکارێکی وەرزییە و سەرەڕای ماندووبوون داهاتەکەی بۆ هاوژینەکەیەتی!

هەرچەندە ناڕەزایەتی و قەیرانە ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر داهات و بژێوی زۆرێک لە ژنان هەبووە، بەڵام هێشتا هیچ ماف و پشکێکیان لە هەوڵ و داهاتەکانیان نییە و لە ڕووی ئابوورییەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەڵاواردنیان لەگەڵ دەکرێت، ئەو ژنانەی کەمتر خوێندەوارییان هەیە لە خێزاندا زیاتر جیاکاری دەکرێن و ئەو مووچەیەی لە بەرامبەر کاردا وەریدەگرن دەدرێتە پیاوانی خێزان و مافی کرێکاریان لێ زەوت دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا ناچارن لە دەرەوەی ماڵەوە کارێکی بێبەرامبەر بکەن.

 

مینا عەباسی کرێکاری وەرزییە و لە سەرەتای بەهار تا کۆتایی پاییز لەگەڵ هاوژینەکەی لە باخچەیەکدا کاردەکات، سەبارەت بە کاری وەرزی دەڵێت: من سێ منداڵم لە قوتابخانە هەیە و ئەمساڵ هەموو ڕۆژێک لەگەڵیان دەچووینە باخەکان بۆ کاری وەرزی و میوە هەڵگرتن و ڕۆژانە سێ سەد و پەنجا هەزار تمەنم پێدەدرا و هەموو داهاتەکەم دەدەم بە هاوژینەکەم بۆ ئەوەی یارمەتی خێزانەکەبدات و هەرچەندە من کار دەکەم بەڵام خۆم پشکم لەم داهاتە نییە و پارە لە هاوژینەکەم وەردەگرم بۆ بچووکترین پێداویستییەکانم."

 

بارودۆخی مامۆستایان زۆر باش نییە و ناچارن لە قوتابخانە تایبەتەکان وانە بڵێنەوە

سیمین ساڵح زادە ژنێکی تەنهایە و تەمەنی ٥٢ ساڵە و مامۆستایە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە و نزیکە لە کاتی خانەنشینبوونی، سەبارەت بە دۆخی کاری مامۆستایان دەڵێت: من ئەمساڵ دوو جار زیادکردنی مووچەم هەبووە، بەڵام سەرەڕای قەیرانی ئابووری مووچەکەم ناتوانێت پێداویستییەکانم دابین بکات.

 

شەرمین ئەحمەدزادە لەم دواییانەدا لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و خاوەنی منداڵێکی سێ ساڵانە، ئەو دەڵێت: لە هەر شوێنێک داواکاری کارم کردبێت داوای ئەزموونی کاریان لێکردم، بەڵام هاوژینەکەم مۆڵەتی کارکردنی پێنەدام، ئێستاش وانە دەڵێمەوە لە قوتابخانەیەکی قازانج نەویست و لە کاتژمێرێکدا ٦٠ هەزار تمەن بەدەست دەهێنم، مووچە وەردەگرم، لەکاتی ناڕەزایەتیەکاندا لەو ڕۆژانەی خوێندکاران نەدەچوونە قوتابخانە، بەڕێوەبەری قوتابخانە سەرەڕای ئامادەبوونمان لە قوتابخانە مووچەی ڕۆژانەی ئێمەی حیساب نەدەکرد و تەنها کرێی بیمەی مانگانەی دەدا، ئێستا جگە لە وانەوتنەوە، بابەتی جوانکاریش دەفرۆشم و بەوشێوەیە بژێوی خۆم دابین دەکەم.