بە ڕەنجی خۆیان چێشتخانەیەکی کوردەوارییان کردەوە

لە شاری ڕانیە چێشخانەیەکی کوردەواری لەلایەن دوو ژنەوە کرایەوە و باس لەوە دەکەن، حەزیان کردووە کاری سەربەخۆی خۆیان هەبێت و خواردنە کوردەوارییەکان پێشکەش بکەن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- چێشتخانەی وار، ڕەنجی دوو ژنی دانیشتووی ڕانیەیە، کە بە هەوڵی چەند ساڵەیان توانیویانە چێشتخانەیەکی کوردەواری بکەنەوە و خواردنی کوردی پێشکەش بکەن، وەک خۆیان باسی لێوەدەکەن، ئەو دوو ژنە ڕەنجکێشە ویستوویانە کاری سەربەخۆی خۆیان هەبێت و توانیویانە هەلی کار بۆ چەند کەسێکی دیکەش بڕەخسێنن.

 

کۆچەر کەریم، خاوەنی چێشتخانەی وار، ئاماژەی بەوەدا کە حەزیان کردووە چێشتخانەیەک بکەنەوە و کاری خۆیان هەبێت، هەروەها خزمەتی خەڵک بکەن، دەڵێت: خەڵکی شاری ڕانیە بە تایبەت دێن بۆ چێشتخانەکەمان، هەروەها لە شارەکانی دیکەشەوە خەڵک سەردانیان کردووین، زۆربەی خواردنە کوردەوارییەکانی وەک سەروپێ و کفتە و کوبە و قوڕاو و بەرسێڵمان هەیە و بە گشتی ١٥ جۆر خواردن ئامادە دەکەین.

 

کۆچەر باسی لە کارکردنی ژنان کرد و وتی: ئێمە وەکو ژنانی ڕانیە حەزمان لە ئیشکردن هەیە، ژن هەموو ئیشێک خۆشە بیکات، لای ئێمە چەند ژنێک هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە، هەم یارمەتی ئێمە دەدەن و هەم سوودێک بە خۆشیان دەگەیەنن و بژێوی خۆیان دابین دەکەن.

 

هەروەها باسی لەوەکرد کە حەز دەکات ژنان کاربکەن، ئەگەرچی خۆشیان قسەی ناخۆشیان ڕووبەڕوو بووەتەوە، بەڵام هەموو ڕۆژێک باشتر کارەکانیان دەکەن و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

 

شنۆ جەنگی، لە چێشتخانەکە چێشتلێنەرە، باسی لەوەکرد کە دەیانەوێت لەسەرپێی خۆیان بوەستن و کاری خۆیان هەبێت، "ئێمە لە ماڵدا بووین، بیرمان کردەوە چێشتخانەیەک دانێین، هەم بۆ خۆمان کار بکەین هەم خزمەت بە خەڵکی ڕانیە بکەین، لەبەرئەوەی ڕانیە چێشتخانەیەکی ئاوای لێنەبوو خزمەت بە خەڵکەکەی بکات، ئیشەکانمان زۆر باش بوو، کارەکەشمان بە دوو گروپە و بەیانیان پێنج ژن کار دەکات و پاشنیوەڕوانیش بە هەمان شێوە پێنج ژنی دیکە کاردەکەن.

 

دەربارەی ئیشەکەیان وتی: ئیشەکانمان زۆر بە جوانی بەڕێوەبردووە، خەڵک دەستخۆشیمان لێدەکات، هیوادارین هەر ژنێک بێکارە و بیردەکاتەوە، نەترسێت و ئیش بکات لە هەر بوارێکدا بێت، ئێمە حەزمان لە چێشتخانە بوو و دەستی چێشتلێنانمان هەبوو، ژنانیش دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، ئەگەر هەلیان بۆ بڕەخسێت فەرقی نییە لە هەر بوارێکدا زیرەک بن و دەستیان هەبێت لەو بوارەدا ئیش بکەن.