سەمای بالیە لە شەقامەکانی میسر

سەمای بالیە یەکێکە لە هونەری سەمای ئیتاڵیا و لە لایەن بالتازار-ەوە یەکەم نمایشی کراوە، ژنانی میسریش وەک پەپولە لە شەقامە جەنجاڵەکانی قاهیرەدا سەمای بالیە دەکەن و ئینجی بە سەرپۆشەکەیەوە بەردەوامی پێدەدات.

سەمای بالیە یەکێکە لە هونەری سەمای ئیتاڵیا و لە لایەن بالتازار-ەوە یەکەم نمایشی کراوە، ژنانی میسریش وەک پەپولە  لە شەقامە جەنجاڵەکانی قاهیرەدا سەمای بالیە دەکەن و ئینجی بە سەرپۆشەکەیەوە بەردەوامی پێدەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

سەمای بالیە یەکێکە لە هونەرە ڕەسەنەکان لە چەرخی بوژاندنەوە لە ئیتاڵیا سەریهەڵداوە، پەسەندکردن و دەرکەوتنی وشەی بالیە دەگەڕێتەوە بۆ دۆمینکۆ دی بیاسێنزا کە ناوی ''بالوی'' لە جێ سەما بەکارهێناوە، یەکەمین نمایشی سەمای بالیە لەلایەن بالتازار دی بۆگۆیۆلکس بووە لە نمایشی بالیەی کۆمیک دی لارینی لە ساڵی ١٥٨١.

سەمای بالیە بە تەکنیکی بەرزی سەما و جوڵەی بەکۆمەڵ ناسراوە، لە ئیتاڵیا و فەرەنسا بەرەو پێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینی، سەردەمی گەشانەوەی بالیە لە سەرەتای سەدەی ١٧ دەستی پێکرد و بەم شێوەیەی ئێستا دەرنەکەوتووە بەڵکو بەهاوەڵی گۆرانی ئۆپرا بووە.

لە ساڵی ١٦٦١ چەند ئەکادیمیایەکی سەمای بالیە دامەزرا لەوانە ''ئەکادیمیای شاهانەی سەما'' لە ئێستادا بە ''ئۆپرای پاریس بۆ بالیە'' ناسراوە، چەند جۆرێک بالیە هەیە لەوانە بالیەی ڕوسی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئەمریکی، شێوازی بالیەی ڤاگۆنا، ڕێگای بالیەی بالانسینی، شێوازی بالیەی کیتاشی.

دەرکەوتنی بالیە لە میسر

لە ساڵی  ١٩٦٦ بەرواری یەکەمین نمایشی داری ئۆپرای قاهیرە و یەکەمین نمایشی سەمای بالیە بە ناونیشانی "نافورة بختشي سراي" پێکەوە بوون، تێیدا ٥ ژن بەشداریان کرد دوای ساڵێک لە مەشق پێکردنیان لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە هەرچەندە ٤ ژنی تریش لە نمایشەکەدا بوو بەڵام ماجدە ساڵح بەیەکەمین سەماکەری بالیەی میسر دەناسرێت.

ژنانی میسر وەک پەپولە لە شەقامە جەنجاڵەکانی قاهیرە سەما دەکەن

ساڵی ٢٠١٧ لەناوەندی شەقامە چڕ و جەنجاڵەکانی قاهیرە و گەڕەکە کۆنەکان ژنانی میسر وەک پەپولە سەمایان دەکرد، وێنەگرەکان بەچاوی کامێراکانیان وێنەیان دەچرکاندن و هەوڵیان دەدا هونەری بالیەی ڕاقی بگەیەننە گشت گەلی میسر.

سەماکەرانی بالیە دەرچوونە شەقامەکانی قاهیرە و پێڵاوی تایبەت بەو هونەرە ڕاقیەیان لەپێ کردووە و بازی شیکی پێوە دەدەن لە چوارچێوەی پرۆژەی ''سەماکەرانی بالیە لە قاهیرە'' ئامانجیان هاندان و پەیڕەویکردن و بڵاوکردنەوەی هونەرە لە شەقامە قەرەباڵەخەکانی میسردا.

بالیە ئەو هونەرەیە کە پەیوەستە بەو خەون و خەیاڵانەی ژنانەوە کە لە واقعدا بەدی نایەت، هەرچەندە بەشێک لە ژنان ئەو خەونەیان بەدی هێناوە و بوونەتە سەماکەری بالیە و هەر بەوەشەوە نەوەستاون هونەرەکەیان لە هۆڵە داخراوەکانەوە هێناوەتە سەر شەقامە بەرینەکان، هەوڵ دەدەن لەناو جەنجاڵی خەڵکدا لە ژێرناوی پرۆژەی “Ballerinas of Cairo” ەوە  پێشکەشی بکەن ئەو ڕێسایە بشکێنن کە ئەو هونەرە لەسەر شانۆ پێشکەش بکرێت و هاندەران جلوبەرگی فەرمی بپۆشن تا پشتگیری بەشێک لە ژنان بکەن تاوەکو خەونەکانیان لە ڕاستیەکی هەستپێکراودا بدرەوشێنەوە.

هەردوو وێنەگر'' محەمەد تاهیر و ئەحمەد فەهمی'' بڕیاریان دا ئەو جوانیەی شەقامەکانی قاهیرە لەخۆی گرتووە بیخەنەڕوو، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز هەستان بە چرکاندنی وێنەی کۆمەڵێک لە ژنانی سەماکەرانی بالیە لە شەقامەکانی قاهیرە لەوکاتەی هونەرەکەیان بەوپەڕی ڕازاوەیەوە دەنواند و وێنەکانیان بڵاوکرایەوە.

ئەم پرۆژەیەیان ناونا '' سەماکەرانی بالیە لە قاهیرە'' مانای ڕاستەقینەی ئەو کارەی کە کردوویانە، هەریەک لە بەسەنت ئەبو باشا، مریەم جەبالی و نور جەزار هەستان بە پێشکەشکردنی، کە پیشەگەرانی هونەری بالیەن لە داری ئۆپرای قاهیرە.

 

باڵاپۆشی ڕێگر نیە لە نواندن و گەیاندنی هونەرەکەی ئینجی

ئینجی شازلی سەرەڕایی ئەوەی ژنێکی باڵاپۆشە بوێری نیشانداوە و هونەرەکەی لە شەقامەکانی قاهیرە بەرجەستە دەکات و نمایشی سەمای بالیە دەکات دەڵێت ''ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆر بۆتەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەوڵیش بۆ ئەوە دەدات خەونەکەی لەسەر داری ئۆپرای پاریس بهێنێتە دی''.

بڵابوونەوەی وێنەی ژنێک بە حیجابەوە و لەناوەندنی شەقامەکانی شاردا سەما بکات حاڵەتێک لە گفتوگۆ و ڕەخنەی بەدوادا هات وەک هەر ڕوداوێکی ترلە میسر ڕوودەدات داوای لێکرا دوربکەوێتەوە و واز لەو خەونەی بهێنێت.

گۆڤاری «المصري اليوم»  چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئینجی شازلی یەکەمین ژنە باڵاپۆشی سەماکەری بالیەدا کردووە و وتوێتی '' لە تەمەنی ٢٧ ساڵیەوە دەستم بە سەمای بالیە کردووە و ئەوەش گەورەترین بەرەنگاریە، ئەو هەرایەی لەسەر یەکەمین ژنە باڵاپۆشی بالیە دروستبووە گرنگی پێنادەم و نابێتە بەربەست لە بەردەممدا لە سەرەتاوە زانیومە شکاندنی ڕێسا لە کۆمەڵگای میسردا بە سەلامەتی تێناپەڕێت، ئەوەی تەرکیزی لەسەر دەکەم و ئومێدی بۆ دەخوازم ئەزمونەکەم ببێتە داکۆکی کردن لەوانەی خەونیان هەیە و کۆمەڵگا ڕێگرە لە بەدیهێنانی'' نامەیەک بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە دەیەوێت خەونەکەی بەدی بهێنێت هەرچەند لەتەمەندا لێێ دواکەوتبێت هەر ڕۆژێک کە دەژین فرسەتە بۆ سەرەتایەکی نوێ.

سەبارەت بە وێنەکانی سەر سۆشیاڵ میدیای ووتی'' نامەیەکی ئازادی هەڵگرتووە، مەبەستم لە ئازادی سەما کردن نەبووە لە شەقامەکان بەقەد ئەوەی ئاهەنگم بۆ سەرکەوتنەکانم گێڕاوە لە گەشتن بە خەونی ژیانم، شازلی بەشداری لە دوو نمایشی شانۆی بنکەی ڕۆشنبیری ڕووسی لە قاهیرە کردووە، هێشتاش خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە سەماکەرێکی بالیەی جیهانی بە سەرپۆش و داب و نەریتەکەیەوە.

 

ت.پ