دەستڕەنگینێک؛ کۆدیا هۆشمەند

کۆدیا هۆشمەند، کاری دەستی ڕایزین لە ئەڵمانیا فێربووە، بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە تا بە یەکجاری لە هەڵەبجە بژی، دەستدەکات بە کار و بژێوی ژیانی لەسەر کاری دەستی ڕایزین بەدەستدەهێنێت.

هەڵەبجە

 

کۆدیا هۆشمەند، ژنێکی گەنجی دانیشتووی هەڵەبجەی شەهیدە، پاش ئەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە و بە یەکجاری لە هەڵەبجە نیشتەجێ دەبێت بڕیار دەدات کارێک بکات تاوەکو ببێتە خاوەنی سەرمایەی خۆی.

 

کۆدیا دەست دەکات بە کاری دەستی ڕایزین، کە هونەرێکی نوێیە و دەتوانرێت چەندەها جۆر شێوە و بەرهەمی تێدا دروستبکرێت.

 

لە ئەڵمانیا فێربووم و لێرە کاری لەسەر دەکەم

کۆدیا باس لەوە دەکات کە لە هەڵەبجە نیشتەجێ بووە و ماوەی ١٠ ساڵە لێرەیە، لە ماڵدا خەریکی دروستکردنی کاری ڕایزین دەبێت و لە پێشەنگاکاندا بەشداری دەکات، دەشڵێت: لە هاوڕێیەکمەوە فێری ئەم کارانە بووم، لە ماڵەوە پێوەی خەریک دەبن و بە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان شێوەی جیاواز دروستدەکەم.

 

کۆدیا هۆشمەند باس لەوەدەکات کڕیاران خواستیان لەسەر کارەکەی هەیە و لەسەر داواکاری بەرهەمە دەستییەکانیان بۆ دروستدەکات، پەیامیشی بۆ ژنان هەیە و هیواخوازە بە بێکار دانەنیشن و بتوانن ئیشێک بکەن تا بژێوی خۆیان دابینبکەن.