لە سلێمانی پانێڵێک بۆ بەدیعە دارتاش سازکرا
ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەهاوکاری ڕێد ئیڤێنت پلانەر، ە ئامادەبونی ژمارەیەک لە شانۆکاران و خوێندکارانی بەشی هونەر، پانێڵێکیان بۆ شانۆکار بەدیعە دارتاش ئەنجامدا.

سلێمانی
لە ٢٧ی نیسان، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شانۆ، ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەهاوکاری ڕێد ئیڤێنت پلانەر، پانێڵێکیان بە بەشداری هانا ئەنوەر، بەڕێوبەری پانێڵست، حیکمەت هندی، پانێڵست، گەزیزە عومەر، پانێڵست، دڵشاد مستەفا، پانێڵست، بۆ ' بەدیعە دارتاش، هونەرمەندی گەورەی کورد سازکرد.
سەرەتای پانێڵەکە بە سینەفیزیۆنێک دەستیپێکرد، دواتر پانێڵستەکان بانگێشت کران بۆسەر ستەیج، لەکۆتایی پانێڵەکەشدا خەڵات بەخشرایە پانێڵستەکان.
گەزیزە عومەر، پانێڵست، باسی سەرەتایی یەکترناسینی خۆی و مامۆستا بەدیعە دارتاشی کرد، وتی: شتێک هەیە زۆر ناخۆشە، هەموومان مەرگمان بینیوە و مەرگی ئازیزانیش زۆر سەختە، بەڵام لەوە سەختر لەگەڵ هاوڕێیەکتابیت و باسی یادەوەریەکان بکەیت و ئەو ئاگای لێنەبێت، ڕاشیگەیاند: سەرەتای ناسینمان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەفتاکان، کاتێک ئەو مامۆستابوو لە بەرێوبەرایەتی چالاکی قوتابخابەکان، سەرپەرشتیاری هونەریشبوو لەگەڵ باوکمدا، من لەوێوە مامۆستا بەدیعەم ناسی، یەکێک لەو شانۆیانەی ئەو دەوری تێدابینیوە شانۆیی "پەیکەر"بوو، هەروەها بۆ یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆیی عێراقی کە لە بەغداد نمایشکرا، باوکی کۆچکردوم ڕۆڵی شاعیرەکەی دەبینی، مامۆستا بەدیعەش ڕۆڵی ژنەکەی دەبینی، ئێمەش ڕۆژانە دەچوین سەیرمان دەکرد، هەروەها لە پرۆژەیەکی هونەریدا کە ئێمەش بەژداریمان دەکرد و ئەو ئیشەشمان بردە بەغداد مامۆستا بەدیعەشمان لەگەڵدابوو، لەوێوەبوو هەستم دەکرد مامۆستا بەدیعە چەند بەخەم و پەرۆشە بۆ ئەو خوێندکارانەی لەگەڵیدایە، ئەشم پرسی خۆ ئەمە نە خوشکیانە نە دایکیانە بۆ ئەوەندە خەمخۆریانە، بێگومان بیرکردنەوەی ئەو کاتەی من جیاوازبوو بە حکومی ئەوەی منداڵبووم، کۆتایی هەفتاکان مامۆستا بەدیعە کە بووە مامۆستای هونەر لە ئامادەیی سلێمانی کچان وانەی هونەری بەئێمە دەوت کە خۆم خوێندکاربووم لەوێ، ناسینی دووەمم بەم شێوەیە بوو، جارێکی ترلە چالاکی قوتابخانەکان ئەو شانۆیە دیسان ئیشیان تێدا کردەوە کە کۆچکرد و تەها خەلیل کاری دەرهێنانی بۆکرد، من و مامۆستا شەماڵی عەبە ڕەش ڕۆڵەکەمان بینی، مامۆستا شەماڵ ڕۆڵی کەسایەتی کۆچکردوی باوکمی بینی، منیش ڕۆڵی مامۆستا بەدیعەم بینی، دیسان ئەوەشمان بردەوە بۆ بەغداد و مامۆستا بەدیعەشمان لەگەڵدابوو، چەندین خەڵاتی گەورەشمان بەدەستهێنا، ئیتر پەیوەندی من و مامۆستا بەدیعە بەم شێوەیەبوو هەتا من بووم بەمامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان.
"بەدیعە دارتاش ئایکۆنێکە لەناو شانۆی کوردیی"
لەکۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: ئێستا من پێمخۆش بوو لەم هۆڵەدا چەندەها نەوەی مامۆستا بەدیعە کەپەروەردەی کردوون دابنیشتنایە و تەنها چەپكێک گوڵیان پێبدایە، یاخود گوێیان لەدەنگی ئێستای مامۆستا بوایە، بەڵام ئیتر ئەوە ڕەوتی ژیانە ئەڕوات و جارێکی تر ناگەڕێتەوە، بەدیعە دارتاش ئایکۆنێکە لەناو شانۆی کوردیدا کە کەسمان ناتوانین کە بەلایدا دەڕۆین سڵاو لە ڕۆحی و ئەو تەمەنە نەکەین کە بەخشیویەتیە شانۆ، مامۆستا بەدیعە لەنزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی خوێندکارەکانی بووە و لەگەڵیاندابووە، بەشێکی ئەو خوێنکارانەی لێرەبوون ڕەنگە لەڕووی ماددیەوە تواناکانیان سنوور داربووبێت، ئاگام لێبووە مامۆستا لەماڵی خۆی پێداویستیەکانی بۆ هێناون، بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بێبەش نەبن لە خوێندن.
بەدیعە دارتاش، هونەرمەندی گەورەی کورد، باسی ژیانی ئێستای کرد، وتی: من بەتەنها لەماڵی خۆمدا ماومەتەوە، دوو خوشک و دایک و باوک و هەموو کەسوکارم کۆچی دواییان کردوە، دوای ئەوەی ئەوان نەمان بۆ ئەوەی دڵخۆشیم بدەنەوە، ئیتر من لەدەست و قاچ کەوتم، هەرشتێکیشم بەسەربهاتایە بە مامۆستا دڵشادم دەوت کە وەکو کوڕی منە، دەموت ئەو شتە وایە یان ئەو کەسەوایە من بەرگەگرتنم نەما بەتەنها، بەڵام ئەیانخستمەوە سەر هەمان ڕێگا، بەڵام ئەو ژنانەی کە هاوکاری من بوون زیاتر مامۆستا گەزیزە بووە.