نیشتمان بۆ ژینا هۆنراوە دەهۆنێتەوە

گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، شۆڕشی لەناو کورد و لە ئێراندا بەرپاکرد، ئازاری ژینا گەشتە دڵی ملیۆنان کەس لە نەتەوەی کورد و فارس و جیهان، هۆنەرانیش بە هۆنراوەکانیان خەم، ئازار و بەرخۆدانی ژیناکانیان دژی سیستمی خۆسەپێن و دژە مرۆڤ دەرخست.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی-مەهسای ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز بە دەستی پۆلیسی ڕەوشتی ڕژێمی ئێران، گڕی ناڕەزایەتییەکانی لە شاری سەقزەوە بەرەو سنە، مهاباد، شنۆ، کامیاران، مازەندەران، ڕەشت و شار و شارۆچکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەشەنە پێدا، ناڕەزایەتی و ڕقی چەندان ساڵەی گەلی فارس و کورد لە ئێراندا دژی ڕژێمی خۆسەپێن و ئاینپەرستی دژە ژن، بووە تەقینەوەیەک و سەدای ژن، ژیان، ئازادی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر شەقامەکانی ئەو وڵاتەی تەنی.

 

ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت بە بیانووی حیجابی ناشایشتە بە یاساکانی دەوڵەت کەوتە بەر ئەشکەنجە و دوای کەوتنە کۆماوە گیانی لەدەستدا، ناڕەزایەتی گەورەی بەدوای خۆیدا، هونەرمەندان بە وێنەکانیان، گۆرانییەکانیان، ئاوازەکانیان و توێژە جیاوازەکان بە ڕێگەی جیاواز ناڕەزایەتییان دەربڕی، نیشتمان، هۆنەرێکی خەڵکی باشووری کوردستانە، لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی "ژینا" باس لە ژینا و حیجابی زۆرەملێ و ئازادی ژن و ژیان دەکات.

 

(ژینا )

مەیشارەوە

لە دوو توێی حەسرەتا

لە نیگەرانیەوە مەیپێچە و مەیھۆنەوە

مەیشارەوە

با خۆر زویر نەبێ

تیشکەکانی نەتۆرێ و نەشکێنەوە

با تریفەی مانگ دەست لە خەیاڵ ھەڵنەگرێ

دەست لە حەیران ھەڵنەگرێ

وانەکانی عەشقی لەبیرنەچێتەوە

 

ئاخر گەر پرچی تۆ

وەک شۆڕەبی لە ھەژان بەردەوام نەبێ

وەک ئاڵای ڕووسووری نەشەکێتەوە

تەسەللای جوانی چۆن بە ناخی زەویدا شۆڕبێتەوە

لە سروەی بەیان و نازی شەونم و

لە ڕەنگەکانی پەلکە زێڕینەدا شەوق بداتەوە!!!

 

مەیشارەوە

پرچەکانت وەک درەختی مراز پەخش بکە

بە ئاوی حەیات و

بە شانەی شکۆ دایھێنە

نازی ھەڵگرە و بیلاوێنە

سڵ لە نادیار مەکە

پڕ بە بوونت دەنگ ھەڵبڕە

وەک ئەو ساتەی ڕۆحێک دێنیتە بوونەوە

دەبیتە دایک و

بەھەشت ئەکەوێت ژێر پێیەکانتەوە

 

مەیشارەوە

حیجاب

نە سەرچاوەی ئیمانە

نە ژمارەیەکی نێو دەفتەری یەوملحیساب

ھەرچی بە زۆرەملێ بێت

نە مانای دەبێ و نە بەھا دەبەخشێت

ھەرچی شاراوە بێت جێی گومانە

ھۆکاری تەحقیرکردنی جوانیەکانە

جا چ حیجاب بێت چ نیقاب

 

حیجاب

دەسکەلای حزب و ھەندێ لە دەوڵەتانە

بۆ دەرخستنی ترس و تۆقینە

بازرگانیکردن بە خودا و داتاشینی یاساکانە

ئەگەر نا

حیجاب و مکیاج کوجا مەرحەبا

بۆ ئەمیان یاساغە و

ئەویان بەرەڵا

چما ھەردووکی ھەر بۆ حەز نیە؟!

ھەردووکی ھەر یاری بە ڕووکەش نیە؟!

جا چ قژ دەربخرێ یا ڕوو ڕەنگ بکرێ

 

ئیدی بۆ ژینا بەو دەردە بچێ

لەسەر تاڵێک ڤژ ڕۆحی بسەنرێ

ڕۆحی ژینا ئارامە و ئاسوودەیە

گەر بۆ چرکەیەکیش بێت

لەناو دڵی ملیۆنان خەڵقی خودادا ئامادەیە

ئێستا ئەو پەپوولەیەکی پرچ درێژ

میوانی عەرشی عەزیمە

 

مەیشارەوە

پرچت تاجێکی زێڕینە

ھێمای بوونی تۆیە وەک مێینە

مێینەبوونیشت سەرچاوە و بەردەوامی ژینە

لەم سەر زەمینە

تکایە چی دی مەیشارەوە