ژنان جیاواز لە میوزیک ژەنین، ئامێرە میوزیکییەکان دروستدەکەن

ژنانی ئامێرسازە میوزیکییەکان پێیان وایە ڕەنجی ئەوان ونە و بە چاوێکی پڕ بایەخەوە لە کارەکەیان ناڕوانرێت، لە کاتێکدا  بەها و سەدای میوزیک لە ژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ئامێرسازەکاندایە.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- ئامێرسازی بە یەکێک لە لقەکانی میوزیک و کاری دەستی دادەنرێت، کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەک پێویست ڕەچاو نەکراوە، لە ئێستادا ئەگەر پرسیار بکرێت ئامێرسازی چییە؟ هیچ وێنەیەکی ڕوون لە هزری تاکەکاندا لەسەر ئەو هونەرە دروست نابێت، سەرباری ئەوانەش لەم ساڵانەی دواییدا کەسانێک لەناو هونەری ئامێرسازیدا پەیدا بوون کە توانیویانە لە بوارەکەیاندا پەرجو دروستبکەن.

 

مەریەم سۆرنامیهر، یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی کە توانیویەتی لە بواری ئامێرسازیدا پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بۆخۆی دروستبکات و دەبێت ناوی لە یەکەمینی پێڕستی ئامێرسازەکاندا بنوسرێت، چونکە ئەو تەنها یەکەمین ژن نییە، بەڵکو یەکەم کەسە لە ئێراندا کە کاری ئامێرسازی "هارپ"ی دەستپێکرد و لەو بوارەدا بەشێوەیەکی ئاکادیمی خوێندوویەتی و زیاتر لە دوو دەیەیە سەرقاڵی دروستکردنی ئامێرەکانە و دەڵێت لەگەڵ دروستکردنی هەر ئامێرێکدا فێربوون و ئەزموونێکی وەرگرتووە و لە دیدی ئەودا ئامێرسازێکی سەرکەوتوو دەبێت دەنگ و میوزیکش بزانێت.

 

ئامێرەکانی لە زۆربەی کۆنسێرتەکاندا بوونی هەیە

مەریەم لە سەرەتادا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری کەسانی چواردەوری بووەتەوە و لە دۆخێکی سەخت و لە شوێنێکی ئێجگار بچوکدا دەستی بە کارەکەی کردووە و تا زیاتر لە یەک ساڵ هیچی لێ نەفرۆشتووە، بەڵکو تەنها ئامێرەکانی دروستکردووە و چەندین جۆر داری جیاوازی تاقی کردووەتەوە تا بتوانێت ئەنجامێکی نایاب بەدەستبهێنێت، ئەمڕۆ یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەو ژنانەی کە زۆربەی مامۆستاکانی میوزیک و میوزیکژەنە بەناوبانگەکان بەو "کەمانچە"یەی کە ئەو دروستیکردووە، دێنە ناو کۆنسێرتەکان.

 

مەریەم سۆرنامیهر خوێندکاری "بەیاز ئەمیر عەتایی" بووە لە دروستکردنی کەمانچەدا، چەندین میوزیکژەنی بەناوبانگی ئێران سەردانی کارگەکەیان کردووە و ئامێرەکانیان هەڵسەنگاندووە کە دروستیکردوون، بەڵام لە چەندین چاوپێکەوتندا مەریەم سۆرنامیهر وەک ئامێرسازێک جەختی لەسەر لاوازی پەیوەندی نێوان میوزیکژەن و ئامێرسازەکان کردووەتەوە.

 

دەبێت ڕۆڵ و گرنگی ئامێرسازەکان لەبەرچاو بگیرێت

مەریەم سۆرنامیهر لە چەندین چاوپێکەوتندا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ساڵانی پێشوو ئەوەی تەنها گرنگی پێدەدرا گۆرانیبێژەکان بوون، لەکاتێکدا میوزیکژەن و ئاوازدانەرەکانیش بەشێکی دانەبڕاوبوون لە پێشکەشکردنی کارێکی هونەری بەچێژ بۆ بینەرەکانی، بەڵام بە چاوی گرنگییەوە لێیان نەدەڕواندرا، لە ئێستاشدا بارودۆخەکە بۆ ئامێرسازەکان بە هەمان جۆرە، چونکە سەدای ئاوازی میوزیکەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی بە کوالیتی ئامێرەکانەوە بەندە، چونکە میوزیکژەنێکی بەتوانا پێویستی بە ئامێرێک دەبێت کە بەتەواوی توانای نیشاندانی هونەرەکەی هەبێت.

مەریەم هەمیشە ئاماژەی بەوەداوە کە ئامێرسازەکان شارەزان و بیرۆکەیان لەسەر باشترکردنی دەنگی ئامێرەکان هەیە کە دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی کوالێتی دەنگی ئامێرەکە بدات، چونکە بەشێک لەو ئامێرانەی کە لە کارگەکاندا دروستدەکرێت شارەزابوونی لە فیزیکی دار و خۆڕاگری پێوە دیار نییە.

 

مەریەم وەک ئامێرسازێک کاتی تەواوبوونی دروستکردنی ئامێرێکی بە نزیکی یەک مانگ داناوە، لە دیدی ئەودا بە تەنها میوزیکژەنێکی بەتوانا دەتوانێت نرخی ئامێرێکی میوزیک بەتەواوی نیشانبدات و ئەوان دەتوانن ببنە پاڵپشت و هاوکارێکی بەردەوامی ئامێرسازەکان لە بەرزکردنەوەی کوالیتی ئامێرەکاندا، مەریەم کارەکەی خۆی خۆشدەوێت ئەوەش لە ئامێرەکاندا ڕەنگی داوەتەوە بەهۆی ئەو وزەیەی کە لەناو ئەو کەسەدا هەیە.

 

مەریەم وەک ژنێک کە بە جۆش و حەزێکی تایبەتەوە کارەکانی ئەنجامدەدات، باسی لەوە کردووە کە ئامێر دروستکەرێکی زۆر هەن کە ئامێرەکانیان زۆر گران دەفرۆشن و پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەن، بەڵام ئەو ئامێرە ڕۆحێکی نییە، دەنگێکی هەیە، بەڵام ئازاری دڵ و خۆشی نییە.