شانۆی "پیتە نەلکاوەکان" دەربارەی مێژووی کورد نمایشکرا

شانۆگەری "پیتە نەلکاوەکان" باس لە مێژووی کورد دەکات و لەلایەن چەند هونەرمەندێک و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە نمایشکرا

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای کۆمەڵەی ڕۆژ لە شاری سلێمانی شانۆگەرییەک بە ناونیشانی "پیتە نەلکاوەکان" پێشکەشکرا، کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چەند ئەکتەرێک ڕۆڵیان تێدا گێڕا.

 

شانۆگەریەکە لە نووسینی دارۆ عەزیزە و دەرهێنانی هونەرمەند ئاسۆ نورییە، باس لە ئازار و کارەساتەکانی بەسەر گەلی کورددا هاتووە، دەکات، بە شانۆییەکە جەختکرایەوە، دەبێت ڕووداوەکان وەکو خۆی بگێڕدرێتەوە تا نەوەکان سوود لە مێژووی کورد ببینن.

 

"کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت خاوەنی بەهرەیەکی جیاوازن"

بەیان زەریفی، هونەرمەند، بە ڕۆڵی سەرەکی لیزا لە شانۆگەرییەکەدا بەشداربوو، وتی: چەند جارێک لەگەڵ ئەم گروپەدا کارم کردووە و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە توانیومە سودێک بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بگەیەنم، ئەندامانی شانۆگەریەکە هەموویان کەسانی بە توانان و دەیانەوێت بەهرەی خۆیان دەربخەن، هەر ئەمەش وای لە من کرد کە کاریان لەگەڵ بکەم.

 

ئەڤین سابر، وێنەکێش و شانۆکار ئاماژەی بەوەکرد کە خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم توانیومە وەکو کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشدار بم لەم شانۆگەریەدا و کار لەگەڵ کەسانێک بکەم و بیانهێنینە ناو شانۆوە کە دوور بوون لە هونەر و شانۆ، دەشڵێت: شانۆیەکەمان باسی لە گێڕانەوەی مێژوو دەکرد بە شیوەیەکی ڕاست و ئەو ناهەقیانەی کە بەرامبەر بە کورد کراوە.