هونەری زەخرەفە 'نەخشاندن' لە ڕێی پێشەنگایەکەوە زیندوو کرایەوە

لەپێناو دەرخستنی توانای هونەری گەنجان تۆڕی ڕاهێنانی کوردستان یەکەمین پێشەنگای بۆ هونەری زەخرەفە 'نەخشاندن' کردەوە و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی نمایشی بوو.

سلێمانی

 

دوێنێ، ١١ی ئەیلول تۆڕی ڕاهێنانی کوردستان بە هاوکاری کارگەی کولتووری سلێمانی یەکەمین پێشەنگای شێوەکاری بەناوی "خەیاڵی تابلۆکان" لە کارگەی کولتووری سلێمانی کردەوە، پێشەنگاکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی نمایشی بوو.

 

پێشەنگاکە تایبەت بوو بە کاری زەخرەفەی کۆمەڵێک گەنج کە ژمارەیان ٢٠ بەشداربوو بوو، تەنها پێنجیان کوڕن و تەواوی هونەرمەندەکان کچن و ٣٥ تابلۆ نمایشکرا.

 

سۆما ڕێبوار، ئەندام لە تۆڕی ڕاهێنانی گەشەپێدانی مرۆیی، دەربارەی پێشەنگاکە باسی لەوەکرد، تۆڕی ڕاهێنانی کوردستان تایبەتە بە گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان بێ جیاوازی لە تەمەن و ڕەگەز، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کار دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش یەکێک لە چالاکییەکانیان دەرخستنی توانای ژمارەیەک گەنج بوو کە دووبارە هونەری زەخرەفە زیندوو بکەنەوە.

 

دەربارەی نەخشی زەخرەفە وتی: "ئەم هونەرە بەرەو کاڵبوونەوە دەچوو بۆیە بیرمانکردەوە لە ڕێی پێشەنگایەکەوە زیندووی بکەینەوە"، سەرجەم بەشداربوان، یاخود دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگان یاخود تەنها خولیایان هەیە بۆ هونەر و دەستڕەنگینن.

 

"پێشەنگا بۆ دەرخستنی توانا و دابینکردنی لایەنی ئابووری گەنجان گرنگە"

ڕۆزیا عەباس، خوێندکاری قۆناغی چواری بەشی کۆمەڵناسییە لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، وەک یەکێک لە بەشداربووەکان، ئاماژەی بەوەدا، تەنها وەک خولیایەکی خۆی کاری هونەری ئەنجام دەدات، کاتێک گوێبیستی پێشەنگایەکی لەم شێوەیە بووە، بە دوو تابلۆ بە شێوەی نەخشی ماندێلا بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردووە، یەکێکیان گوڵێکە کە باس لە قۆناغی گەشەکردنی خۆی دەکات، ئەوەی دیکەیان تەنها نەخشاندنێکی سادەیە.

 

دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکە ڕۆزیا وتی: "کردنەوەی پێشەنگای لەم شێوەیە گرنگە بە تایبەت بۆ ئەو گەنجانەی لە پاڵ خوێندنەکەیاندا توانای هونەری دیکەیان هەیە و دەتوانن بەهرەکانیان نیشانی خەڵکی بدەن، هەروەها ڕخساندنی هەلێکی باشە بۆ فرۆشتنی تابلۆی گەنجان و بینینی ڕاستەوخۆی لەلایەن میوانەکانەوە".