یەکەمین نمایشی فەرمی گروپی مۆسیقای دایکانی سنە
گرووپی موزیکی (هیوا ژین) کە لە دایکانی خانەنشینانی ماڵی هیوای شاری سنە پێکهاتبوو، یەکەمین نمایشی فەرمی خۆی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیەوە بە ڕیمیکسی گۆرانی "شارەکەم سنە" لە کۆشکی"ملکالتجار" پێشکەش کرد.

ویدا مەنسوری
سنە - مۆسیقا هەمیشە ڕزگارکەر و هیوابەخشە، ئەم ئازارە سەپێنراوەی بوون تەنها لە ڕێگەی مۆسیقاوە هەرس دەکرێت، بۆ ئەو ژنانەی ساڵانێکە ئازارەکانی خۆیان و کەسانی دیکەیان هەڵگرتووە و ئێستا دەیانەوێت کەمێک خۆیان سەرقاڵ بکەن، مۆسیقا باشترین بژاردەیە.
گروپی دایکانی ماڵی هیوا بە سەرۆکایەتی فەرشید حسامی ماوەی هەشت مانگە لە ماڵی هیوا بۆ خانەنشینان لە شاری سنە کار دەکەن. ئەم گروپە لە نزیکەی حەفتا ژنی خانەنشینکراوی شاری سنە پێکهاتووە کە تا ئێستا چەندین نمایشی نافەرمییان لە لایەن گۆرانیبێژانی کوردەوە ئەنجام داوە و سەرنجێکی زۆریان پێدراوە. بۆ یەکەمین نمایشی فەرمی، گروپی دایکانی ماڵی هیوا گۆرانی "شارەکەم سنە"ی ژنە گۆرانیبێژی کورد شەهین تاڵەبانی وتەوە.
گروپی دایکانی ماڵی هیوا لەو ژنانە پێکهاتوون کە ئارەزووی مۆسیقا دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە هەن، دەرفەتیان نەبووە بەدوای ئەم فۆرمە هونەرییەدا بگەڕێن. بیرۆکەی پێکهێنانی ئەم گروپە لە خودی ژنانی ماڵی هیوای خانەنشینانەوە هات، کە لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی فەرشید حسامی دەستیان بە کارکردن کردووە و ڕۆژانە بە جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەرەو پاراستن و بڵاوکردنەوەی کولتوور و مۆسیقای کوردی بەرەوپێش دەچن.
گروپی مۆسیقای دایکان (هیوا ژن) چرای ئومێدێکە بۆ ئەو ژنانەی کە خولیای مۆسیقایان هەیە، ئەو ژنانەی کە لە چوارچێوەی تەمەن و ڕەگەز و کولتوور و داب و نەریت و هتد گیریان خواردووە و تا ئێستاش بوێری شکاندنی سنوورەکانیان نییە شکاندنی تابۆ و هیوای ژیان پەیامی سەرەکی دایکان (هیوا ژن).