"دە پێم بڵێن بۆ کوێ دەڕۆن"

لاواندنەوەیەکی کەلسوم حسێن، ڕاگەیاندنکار و چالاکوانی شاری هەڵەبجە بۆ ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال.

ناوەندی هەواڵ

 

کەلسوم حسێن، ڕاگەیاندنکار و چالاکوانی شاری هەڵەبجە، لاوانەوەیەکەبۆ ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال و ئەو ١٨٢ هەزار کەسەی ئەنفالکران دەنووسێت، " ئەمشەو لەگەل دنیا شەڕمە، بە ڕقەوە لێی دەڕوانم، ئەمشەو شێخ سەعیدی پیران، لە بەرچاوم هەڵواسراوە، ئەمشەو فڕۆکەکەی ئاپۆ، لە ئاسماندا بێشوێن ماوە".

 

دەپێم بڵێن بۆ کوێ دەڕۆن

چیتان لێهات؟

نازداری ماڵەباوانم

چاوەڕوانی چیتان دەکرد؟

بەخەندەوە لێم دەڕوانن؟

توخوا ماڵئاوایی مەکەن

بگەڕێنەوە جارێتر

ئازادی لەم خاکە نەبێت

بەدی نایەت لە شوێنێ تر

من لە کوێستان بەڕێوەبووم

ئێوە بۆ ڕۆشتن لە گەرمیان؟

 

چەند پلانێکی نامۆ بوو

هەموومانیان لە خاک تۆران

وا ئەمشەویش کیمیاباران

هاتەوە یادم دووبارە

ئەمشەو جارێتر قازی

دەدرێتەوە لە سێدارە

 

ئەمشەو زامم هێند بەسۆیە

ساڕێژ نابێ برینانم

ئەمشەو لەگەل دنیا شەڕمە

بەڕقەوە لێی دەڕوانم

ئەمشەو شێخ سەعیدی پیران

لە بەرچاوم هەڵواسراوە

ئەمشەو فڕۆکەکەی ئاپۆ

لە ئاسماندا بێشوێن ماوە

 

ئەمشەو کۆمەڵکوژی دێرسیم

بەچاوانی خۆم دەبینم

دیسان فەرمانی شەنگالە.

کولاندیەوە برینم

ئەمشەو ١٦ی ئۆکتۆبەرە

ئەمشەو وا ٣١ی ئابە

خیانەتکاران هەڵدێن و

یان کەوتونە پێش دەبابە

 

ئەمشەو ڕودەکەمە خودا

دەپرسم ئەمانە بۆ ڕوویدا

مەرگی ناوەخت بەس بۆ کورد بوو

هەموو کاتێکت لە دەرگای دا؟

 

١٤/٤/٢٠٢٢

کەلسوم حسێن