مۆزەخانەیەک لە چەمچەماڵ ئاسەواری هەزاران ساڵەی کۆکردووەتەوە

پاراستنی مێژوو واتای مانەوەی نەتەوەیەکە، هەمیشە هەوڵدراوە شوێنەوار و ئاسەوارە مێژووییەکانی کورد لەناوببرێن، بەڵام بەشێک لە کوردان ڕێگەیان لەو هەوڵانە گرتووە، خێزانێکیش لە چەمچەماڵ ماڵەکەیان کردووەتە مۆزەخانە بۆ پاراستنی ئاسەوارەکان.

شنیار بایز

 

چەمچەماڵ- پاراستنی شوێنەوار و ئاسەوارە مێژووییەکان و مانەوەیان، زیندوو هێشتنەوەی نەتەوەیەکە، نەتەوەی کورد لە ناوچەی میزۆپۆتامیا خاوەنی کۆنترین مێژووە، ئەمەش لە کنە و پشکین و هەڵکۆڵینەکاندا چەندین جار دووپاتکراوەتەوە، هەتا ئێستا هەر بستێکی خاکی کوردستان مێژوویەکی هەزاران ساڵەی تێدا پەنهانە، کە مێژووی هەبوونی کورد نیشان دەدات، ئەگەرچی دۆزینەوە و پاراستنی ئاسەوارەکان زەحمەتە، بەڵام زۆر کەس ئەو خولیایەیان هەیە.

 

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، نەزیرە محەمەد و کەریم ئاغای هەمەوەند، کە بنەماڵەیەک بوون بنەچەیان بۆ هەمەوەند دەگەڕێتەوە، دیوەخانەکەیان کردووەتە مۆزەخانە و ئاسەواری دێرینی چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستەیان کۆکردووەتەوە، ڕەنجی دایکە نەزیرە لە ماڵەکەدا دیارە، کە چەندە خزمەتی پێکردووە و هەوڵی پاراستنی داوە، چونکە وەک ژنێک لە واتای پاراستنی مێژوو و شوناسی کورد و ئاسەوارەکانی تێگەشتبوو.

 

دیوەخانەکەی نەزیرە و کەریم ئاغا ئێستا بووەتە مۆزەخانەیەک بە ناوی "مۆزەخانەی کەریم ئاغای هەمەوەند، لەلایەن هەڵەت کەریمی کوڕیانەوە پارێزگاری لێکراوە، ئەو ئاسەوارانەی لە مۆزەخانەکەدا کۆکراونەتەوە، لە گوند و شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستانەوە کۆکراونەتەوە.

 

ئاسەوارەکان تەنها مێژووی یەک ناوچە نین بەڵکو چەندین ناوچەن

بەپێی ئەو زانیارییانەی نوژنها لە هەڵەت کەریم وەریگرتووە، خێزانەکەی خولیای کۆکردنەوەی ئاسەواریان هەبووە، دایک و باوکی کاتێک چوونەتە ناوچەیەک یاخود ئەشکەوتێک، حەزیان بە کۆکردنەوەی زانیاری و مێژوو و ئاسەوارەکانی ئەو ناوچەیە بووە، بۆ ئەوەی بزانن مرۆڤانی ئەو سەردەمە چۆن ژیاون، ئەمەش وایکردووە هەر ئاسەوارێکیان دەستبکەوێت کۆیبکەنەوە، دواتر بووەتە کولتوورێکی ماڵەکەیان و هاوڵاتیان و کەسانی شوێنەوارناس وەک دیاری چەندین ئاسەواریان بۆ هێناون لەپێناو کۆکردنەوەیاندا، هەندێک لە ئاسەوارەکانیشیان پێشکەش بە مۆزەخانەی سلێمانی کردووە.

 

نەزیرە محەمەد خۆشەویستی کوردستانی لای منداڵەکانی دروستکردووە

لە ساڵی ٢٠١٦وە دیوەخانەکە کراوەتە مۆزەخانە و لەژێر سەرپەرشتی مۆزەخانەی سلێمانیدایە، سەرجەم ئاساوارە کۆنەکانیشی تێدایە، نەزیرە محەمەد و کەریم ئاغا لەدایکبوونی ساڵانی ١٩٢٧ بوون، هەر زوو دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ئاسەوارەکان و بە نزیکەی مێژووی دەستپێکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٥.

 

بەهۆی ئەوەی بنەماڵەکە شارۆچکەی چەمچەماڵیان ئاوەدانکردووەتەوە، دایە نەزیرە خولیای مێژووی کوردستان و دۆزینەوەی ئاساری هەبووە، پاڵپشتی سەرەکی هاوژینەکەی-کەریم ئاغا بووە بۆ دەستکەوتنی ئاسەوارەکانی ناوچەکەیان و منداڵەکانیشی وەها پەروەردە کردووە خۆشەویستیان بۆ خاک و وڵات و مێژووە دێرینەکەی کوردستان هەبێت.

 

کۆکردنەوەی ئاسەوارەکان بووەتە کولتووری خێزانەکە

ئاسەوارەکان لە ئەنجامی ماندووبوونی ئەو خێزانەوە دۆزراونەتەوە، بۆیە کەسوکار و هاوڕێ و دۆستانیان لە هەر شوێنێک ئاسەوارێک بدۆزنەوە، دەیبەن بۆ خێزانەکە، یاخود هەندێک لە ئاسەوارەکان لە کەسانی شوێنەوارناس کڕاونەتەوە لەپێناو دەوڵەمەندکردنی مێژووەکەیان.

 

مێژووە دێرینەکان لە مۆزەخانەکەدا کۆبوونەتەوە

مۆزەخانەکە مێژووی هەزاران ساڵەی ناوچەکانی باشووری کوردستانی لەخۆگرتووە، چەندین ئاسەواری جیاوازی تێدایە، هەندێک لەو ئاسەوارانە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زاین، سەردەمی کاشییەکان، ساسانییەکان و چاخی بەردینەکان.

 

ئاسەوارە مێژووییەکان بریتیبوون لە پەیکەری ژنان کە وەک پیرۆزییەک وێنای ژنان دەکەن، گۆزەی قوڕ، کوپەی قەبارە گەورە بۆ کۆکردنەوەی دانەوێڵە، پەیکەری گڵینی، پەیکەری بەبەرد بوو، بازنگی کۆن، تەوقەی زیوی، کلدانی بڕۆنز، کۆمەڵێک تەڵاشی بەردینی، دراوی کۆن و کۆمەڵێک بەردی سروشتی جۆراوجۆر.

 

ڕۆژانە خوێندکاران و شوێنەوارناسان سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن و حەز بە لێکۆڵینەوە دەکەن دەربارەی ئاسەوارەکانی، تەنانەت گەشتیارە بیانییەکانیش سەردانی دەکەن و بە مۆزەخانەیەکی کۆنی دەناسێنن.

 

کوردستان لانکەی شارستانیەت و خاکی پیرۆز بووە، دەوڵەمەندی خاکەکەی وایکردووە هەمیشە چاوی داگیرکار و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر بێت، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داعش لە چوار پارچەی کوردستان چەندین شوێنەواری مێژووییان لەناوبرد، لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە ڕێکخراوەکان بە ناوی کنە و پشكین و پاراستنی ئاسەوارەوە، چەندین ئاسەوارییان بۆ مۆزەخانەکانی ئەوروپا گواستووەتەوە و لە خاکی خۆیان ڕیشەکێشیان کرد و ڕاستینەکەیان شاردەوە.