کتێبی نووسەرانی ژن لە پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب نمایش دەکرێن

چوارەمین پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دەستیپێکردووە و ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام کتێبەکانی تایبەت بە ژنان کەمینەن و گرنگیان پێنەدراوە.

سلێمانی

 

١٧ی تشرینی دووەم، چوارەمین فێستیڤاڵی پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ ناوەندی بڵاوکردنەوە لە ٢٠ وڵاتی جیهانەوە کرایەوە، چەندین ناوەند لە ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە بەشداریان تێداکرد، لەوانە وەشانخانەی شلێر لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە  بە ٣٥ ناونیشانی جیاواز لە بەرهەمی نووسەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارن.

 

پێشەنگاکە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، تا ٢٦ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە تا ٧ی ئێوارە بە ڕووی خوێنەران و هاوڵاتیاندا کراوەیە، ملیۆنان کتێب نمایشکراوە، کە خوێنەری هەر بابەتێک دەتوانێت کتێبی خوازراوی خۆی دەستبکەوێت، سەرەڕای ئەوەی بەشی زۆری سەردانیکەرانی پێشەنگای کتێب گەنج و ژنانن، بەڵام ئەو کتێبانەی لەلایەن ژنەوە نوسراون یاخود ناوەڕۆکەکەی باس لە ژن دەکات کەمن و گرنگیان پێنەدراوە، نەکراونەتە بەشێکی دیاری ناو پێشەنگاکە.

 

"پیاو هەیە تەنها بەهۆی ئەوەی نووسەری کتێبەکە ژنە، کتێبەکە ناکڕێت"

ساکار حسێن، خوێنەرە و لە ناوەندی گۆڵدن بووکەوە بەشداری پێشەنگاکەیە، ئاماژەی بەوەدا، وەک ناوەندەکەی خۆیان گرنگییەکی باشیان داوە بەو کتێبانەی نووسەرەکەی یان رگێڕەکەی ژنە، یاخود ناوەڕۆکەکەی باس لە ژن دەکات، وتی: حاڵەتمان هەبووە کە پیاو هاتووە کتێبەکەی نەبردووە بەهۆی ئەوەی نووسەرەکەی ژنە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشیکی زیاتری هاوڵاتیان گرنگی بەو کتێبانە دەدەن کە ژنان نووسیویانە و وەرگێڕانیان بۆ کردووە.

 

پێیوایە گرنگیدان بە نووسەرانی ژن و کتێبێک کە ناوەڕۆکەکەی تایبەت بێت بە ژنان ئەرکێکی گرنگە.

 

"کتێبێک بە فکری ژن بنووسرێت زیاتر ژنان لێی تێدەگەن"

سێوە محەمەد، ڕوونیکردەوە، ئەو کتێبانەی نووسەرەکەی ژنە یاخود باس لە پرسی ژن دەکات، بوونیان هەیە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم، هەروەها لە ناوەندەکانی فرۆشتنی کتێبەکانیشدا هیچ بەشیک جیانەکراوەتەوە بۆ نمایشکردنی کتێبەکانی تایبەت بە ژنان.

 

دەربارەی تێڕوانینی هاوڵاتیان بۆ نووسەرانی ژن وتی: گرنگە زیاتر گرنگی بدرێت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە نەک نووسەرەکەی بەتایبەت بۆ پیاوان، کە ناکرێت نووسەرەکە ژن بێ سڵی لێبکەنەوە، چونکە نووسەری ژنیشمان هەیە سەرکەوتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک ژنێک کتێبێک دەنووسێت بێگوومان جیاوازترە، چونکە بە فکری ژن نووسراوە، تایبەت بۆ ژنان گرنگترە بایەخ بدەن بە خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانە، چونکە ژن زیاتر لە فکری ژن تێدەگات"، لە کۆتایدا وتیشی: پێویست ناکات خوێنەر سڵ لەو کتێبانە بکاتەوە کە نووسەرەکەی ژنە بە پێچەوانە پێویستە گرنگیان پێبدات.

 

منداڵانیش بەشداری پێشەنگاکە بوون

ئەم پێشەنگایە ساڵانە دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران سەردانی دەکەن، تەواوی سەردانیکاران و نمایشکارانیش پێیان باشە پێشەنگایەکی لەم شێوەیە بکرێتەوە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی هۆشیاری، جگە لەوە منداڵانیش بەشداری پێشەنگاکە بوون و وەک خوێنەر و نمایشکار ڕۆڵی خۆیان دەگێڕا.

 

هەستی هیوا، کە تەمەنی ١٣ ساڵە، دەربارەی خوێندنەوە بۆ منداڵان وتی: لە ڕێی خوێندنەوەوە منداڵان زیاتر زانیاریان پێدەگات و شارەزاییان لە شتەکانی دەوروبەریان دەبێت"، داوا لە تەواوی منداڵان دەکات بخوێننەوە.