دروستکردنی قەڵای شێروانە ماوەی ٨ ساڵی خایاندووە

بەپێی سەرچاوە و توێژینەوەکان قەڵای شێروانە نزیکەی ٨ ساڵی خایاندووە تا دروستکراوە، ئێستاش بووەتە یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی باشوری کوردستان و سیمبولی شارۆچکەی کەلارە.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- قەڵای شێروانە دەکەوێتە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کەلار و بەسەر شارۆچکەی کەلار و ڕووباری سیرواندا دەڕوانێت، بیناکە لە سێ نهۆم پێکدێت و ژووری گەورە، تاق، ئاگردان، حەمام و چێشتخانەی تێدایە، کۆتا نهۆمیش بە کڵاو فەرەنگی ناسراوە، لە لاکانیشییەوە چوار بورجی تێدایە، لەسەر ڕووبەری ٤٠٠ مەتر دووجا بنیادنراوە، 

 

بەپێ زۆرێک لە سەرچاوە و توێژینەوەکانی شارستانیەتی کورد و عەرەب و ئینگلیزەکان، مێژووی دروستکردنی قەڵای شێروانە بۆ ساڵانی ١٨٦٦_١٨٧٤ دەگەڕێتەوە، بەوپێیە قەڵاکە ٨ ساڵی خایاندووە تاوەکو دروستکراوە.

 

ناوی قەڵای شێروانە لە ناوچەی زەنگابات و ناوچەی قەوبەی برایم بەگ پێشکەش بە ئەمیر شێروان کوڕی مەنسوڕی کراوە، هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن کە گردی قەڵای شێروانە لە سەردەمی ساسانییەکاندا دروستکراوە و بەپێی سەردەم گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، دووەم گرد کە شوێنی ئێستای قەڵاکەیە، لەسەر بڕیاری محمد پاشای جاف بنیادنراوە.

 

بەپێی پشکینەکانی بۆ قەڵاکە کراوە، بینای قەڵاکە لە خشتی قوڕ دروستکراوە کە دوو جۆر خشتی تێدا بەکارهاتووە ئەوانیش جۆرێکی خشتی ئاشوری و بابلییەکانی پێدەڵێن و جۆرەکەی دیکەیان خشتی برژاو یان خشتی تازەی پێدەڵێن، هەروەها بەرد، قسڵ و گەچ و داری گوێزی تێدا بەکارهاتووە.

 

قەڵاکە گرنگی سیاسی بۆ گەرمیان هەبووە

هەڵکەوتەی جوگرافی قەڵای شێروانە لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە لە سەردەمی دروستکردنیدا گرنگ بووە چونکە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا ڕووانیویەتی، لە ئێستاشدا قەڵای شێروانە بۆ شارۆچکەی کەلار و گەرمیان گرنگی تایبەتی هەیە، بووەتە سیمبولی کەلار و شوێنێکی گەشتیاری ناوچەکەیە.

 

قەڵاکە سێ جار لە ساڵەکانی ١٩٢٥-١٩٨٨-١٩٩٨ نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی بومەلەرزەی بەهێزەوە بەشێکی ڕووخا و لە ئێستادا کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت.