ڕەنگدانەوەی بەرخۆدانی ژنان و سەرکوتکردنی تاڵیبان لە پێشانگایەکی کابول

پێشانگای پیشەسازی و کشتوکاڵی لە کابول سەرەڕای کەشێکی سەرکوتکەرانە، بە بەشداری ژمارەیەک بەرچاو لە ژنان بەڕێوەچوو.

بەهاران لەهیب

 

کابل - پێشانگای پیشەسازی و کشتوکاڵی لە ١٥ تشرینی یەکەم ١٤٠٣ لە کابول، بەڕێوەچوو. ئەمە دەرفەتێک بوو کە ژنانی بازرگان بەشداری لەم پێشينگا بکەن و  بەرهەمەکانیان بفرۆشن، ئەمە لە کاتێکدایە پێشانگاکە بە توندی لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکرابوو و هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ڕێگەی بە خەڵک و بەتایبەت ژنان نەدەدا هەناسە بدەن.

 

پێش حوکمڕانی تاڵیبان ژنان لە بواری بزنسە بچووکەکاندا دەستیان بە کارکردن کرد و تەنانەت لە هەندێک پارێزگای وەک بامیان و هەراتیش بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی بەرهەم هێنراویان بازاڕی تایبەتیان دروست کرد، ئەو ژنانەی جاران جگە لە گرنگیدان بە کاروباری ماڵەوە هیچیان نەدەکرد، بوونە خاوەنکار، هەروەها لە ناوخۆی ئەفغانستان بۆ بەرەوپێشبردنی کاری ژنانی کاسبکاران لە وڵاتانی جیاجیادا پێشانگاکان دەستیپێکرد ، یەکێتییەک دامەزرا، کە لەلایەن ژنان خۆیانەوە بەڕێوەدەبرا.

 

دەرفەتی ژنان بە بوونی تاڵیبان کەم بووەتەوە

پێشتر ژنان دەرفەتی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا هەبوو. بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە لە لایەن تاڵیبانەوە دروستکراون، دەستیان بەو بازاڕانە ناگات و ژمارەی کارمەندەکانیشیان سنووردارە.

 

لە  پێشانگاکە جیا لە جل و بەرگ و خواردن، لەسەر مێزەکان کتێب، تابلۆ و ئەو وێنەیانەی کە لەلایەن ژنانەوە ڕێکخرابوو، دەبینران، لە وێنەکاندا  بەرخۆدانی ژنان و توندوتیژیی دەسەڵآت لە ڕێوڕەسمەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو.

 

سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵانەی کە ئەو ژنانە هەڵیانگرتبوو و بەرهەمەکانیان لە دوورەوە بە هەزاران کێشەوە لەگەڵ خۆیان هێنابوو، هەرچەندە کوالیتی باش بوو بەڵام زۆریان نەفرۆشت. هۆکاری سەرەکی هەژاری زاڵ نەبوونی توانای کڕینی خەڵکە لە لایەکی دیکەوە کەشێکی ئارام لە پێشانگاکەدا نەبووە. کاتێک ژنان چوونە ناو پێشانگاکە، ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە کە جگە لە کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی ژنان، ڕێگەیان پێنەدان وێنەی پێشانگاکە بگرن. هەر پیاوێک یان ژنێک بچوکترین جوڵەی کردبێت ئاگادارکرایەوە کە چاودێری ڕەفتارەکانیان بکات.

 

ژمارەیەکی زۆر لە سەردانکەران ژن بوون، چونکە بەهۆی قەدەغەکردنی چوونیان بۆ شوێنی کار و شوێنە گشتییەکان، بە بیانووی بازاڕکردن و سەیرکردن ڕوو لە پێشانگاکان دەکەن.

 

کاتێک هەوڵماندا لەگەڵ ژنە فرۆشیارەکان و سەردانکەران قسە بکەین بۆ ئەوەی لە قسەکانیانەوە دۆخی پێشانگاکە ببیستین، ڕووبەڕووی چەندین هۆشداریی هێزە ئەمنییەکان بووینەوە، ئەم هێزانە ئاماژەیان بە دەمانچەی تاڵیبان دەکرد کە لە نزیکەوە وەستابوون و هەڕەشەیان دەکرد کە ئەگەر گوێ بە فەرمانەکانیان نەگیرێت، دەمانچەکان قسە دەکەن.

 

کەش و هەوایەیەکی ستەمکارانە لە پێشانگاکەدا زاڵ بوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سەرەڕای ترسەکانیان بەشداریان کردبوو و بەبێ گوێدانە هەڕەشەکان بەردەوام بوون لە کارکردن.

 

ژنان بێ ترس بەشداری پێشانگاکە بوون

سەرەڕای دۆخی خنکێنەری پێشانگاکە، بچووکترین ترس و نائومێدی لە ڕووخساری هەموو ژن و فرۆشیارە بەشداربووەکاندا نەبوو. ئەوان بەبێ هیچ نیگەرانییەک بەردەوام بوون لە چالاکییەکانیان، سات بە سات ژمارەی بەشداربووانی ژن زیادی کرد، ئەو ژنانەی کە ئاگادارکرابوونەوە لە پەردەپۆشکردن یان وێنەگرتن لە ناوچەیەکی پێشانگاکەدا پشتگوێ خران و هەندێکجار بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانە دەیانگوت: جاری داهاتوو گرنگی پێدەدەین".

 

ڕۆژنامەنووسان تەنیا ڕێگەیان پێدرابوو ڕاپۆرت لەسەر ڕۆژی یەکەم و کۆتا ڕۆژی پێشانگاکە ئامادە بکەن، چونکە لەو دوو ڕۆژەدا بەرپرسانی حکومەتی تاڵیبان ئامادەبوون و تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانە ڕێگەیان پێدرا کە لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە پەسەندکرابوون بچنە ژوورەوە.

 

لە لایەک تاڵیبان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو جۆرە بەرنامەیانەن چونکە پارەیەکی زۆریان لێ دەستدەکەوێت؛ بەڵام لە لایەکی ترەوە کەشی پێشانگاکە بە توندی کۆنترۆڵ کراوە بۆ ئەوەی ژنان ئەم دەرفەتە بەکارنەهێنن بۆ ئاشکراکردنی ئەو تاوانانەی کە لە دژی مرۆڤەکان بە تایبەت ژنان دەگوزەرێت.