ژمارەی ٢١٢ی گۆڤاری تروسکە بڵاوکرایەوە

گۆڤاری تروسکە، گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و هزرییە و هەژماری ٢١٢ی گۆڤارەکە بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی بە ناوی "یەکێتی نەتەوەیی...خەونی گەل و پێشەنگایەتی ژن" بڵاوکرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڤاری تروسکە، گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و ھزری تایبەت بە ژنانە لە باشووری کوردستان، ژمارەی نوێی ٢١٢ بە کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بە پێشەنگایەتی ژنان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر کوردستان، باسکردن لە یەکەم ژنی لەسێدارەدراوی کوردستان و چەندین بابەتی دیکە کەوتە بەردەستی خوێنەرانی.

 

لە بەشی وتووێژی گۆڤارەکەدا بە ناوی "یەکێتی نەتەوەیی.. خەونی گەل و پێشەنگایەتی ژن" بە بەشداری کنێر عەبدوڵڵا ــ ئەندامی کەنەکە، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، قومرییە بەرزنجی ــ ئەندامی کەنەکە، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، خانتور کارا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتار وتووێژێک بڵاوکراوەتەوە.

 

لە بەشی هزریدا بە سەردێڕی "ئازادی لە پێوەری ئەتیک – ئەستاتیکدا" باس لە ئازادییەکی چۆن دەکات بۆ کۆمەڵگە.

 

بەشێکی دیکەی گۆڤارەکە تایبەتە بە سیاسەت، رێحام حەجۆ، ئەندامی کوردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ بابەتێکی بە ناوێکی "لەسەر هەر بەشێکی کوردستان دوژمن پیلان ڕێکدەخات" نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە، هەروەها شیرین موراد، هاوسەرۆکی بەرەی دیموکراسی گەل لە بارەی "یەکەم ژنی لەسێدارەدراوی کوردستان" وتارێکی پێشکەش بە گۆڤارەکە کردووە.

 

لە درێژەی گۆڤارەکەدا هەریەک لە بابەتی کۆمەڵایەتی، بابەتی تایبەت بە ژنی کورد وەک سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی داعش و کولتووری ڕەخنە و ڕەخنەداین، نامۆبوونی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بابەت پێشکەشکراوە.

 

لە بەشی هونەریشدا وتارێکی زەریێن شۆڕش بە ناوی "سترانێک بۆ ژنانی تێکۆشەر، بۆ شۆڕشی گەلان" و لە بارەی ڕۆمانی "ئەو هەورە کپە" لە نووسینی بەیان سەلمان زانیاری بڵاوکراوەتەوە.

 

گۆڤارەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا لە رێگەی ھەڵسەنگاندنی پرسەکانی ژنان و روونکردنەوەیان لەپێناو پێشخستنی ژنان لە بواری فکریدا کاری کردووە.