"بەڵگە فیلمی نوژیان باس لە هێرش، شەڕ و ژنی شۆڕشگێر دەکات"

ژیندا ئاسمەن، دەرهێنەری بەڵگە فیلمی نوژیان، دەڵێت: بەڵگە فیلمی نوژیان لە ساڵی ٢٠١٩دا دەست بە کارەکانی کراوە و لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆتایی هات، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکەوێتە بەرچاوی بینەران.

ڕوناهی نودا

 

شەنگال- بەڵگە فیلمی نوژیان لەلایەن ژیندا ئەسمەن کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لەلایەن زنارین زنار و ژیندا ئەسمەنەوە ئامادەکراوە و فەریدە زادە ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، بەڵگە فیلمەکە باس لە ژیانی شەڕڤان و ڕۆژنامەنووس، نوژیان ئەرهان دەکات، کە لە ٣ی ئاداری ٢٠١٧ لە کاتی هێرشکردنە سەر خانەسور لەلایەن پێشمەرگەکانی ڕۆژەوە بە سەختی بریندار دەبێت و لە ٢٢ی ئاداردا لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژیان لەدەستدەدات.

 

نوژیان ئەرهان ژنێکی شۆڕشگێڕ و ڕۆژنامەنووسێکی کوردە و هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادیدا ڕۆڵی پێشەنگی هەبووە، بەڵگە فیلمەکە لە چاوی نوژیان ئەرهانەوە گوزارشت لە ئازار، ناخۆشی و بەختەوەری و شەڕە دەکات کە بەسەر خەڵکی ئێزدیدا هاتووە.

 

"لە ڕێگەی هۆنراوەیەکەوە بەڵگە فیلمەکە دروستبوو"

دەرهێنەری بەڵگە فیلمەکە، ژیندا ئەسمەن لە بارەی بەڵگە فیلمەکە دەڵێت: لە دوای ساڵی ٢٠١٧ بیرۆکەی بەڵگە فیلمەکەم لەلا دروستبوو، ئەوکاتە من و نوژیان پێکەوە لە شەنگال بووین باسمان لە بەڵگە فیلمێک دەکرد، ئەویش وتی دەبێت وەک شۆڕشگێڕێک ناوم بهێنیت، ڕاستە ژیانی هەر شۆڕشگێڕێک فیلمێک، گۆرانییەک، چیرۆک و هەڵبەستێکە، دوای شەهیدبوونی نوژیان ئەو قسەیەی نوژیانم لەبیردا مایەوە، هەر کەسێک هەڤاڵێکی لەدەستبدات ئێشێکی گەورەیە منیش دەبوو وەسێتەکەی نوژیان پێکبهێنم، چونکە ئەگەر وا نەبوایە شتێک لە ژیانی من کەم دەبوو.

 

دەرهێنەرەکەی باس لەوەدەکات لە ڕێگەی هۆنراوەیەکەوە کە دواتر بووە سیناریۆ و وێنەی گیرا، بەڵگە فیلمەکە دروستبووە، "هەست و مێشکم کەوتنە کار، ئەم بەڵگە فیلمە دروستبوو، ئەو شوێنەی هەڤاڵ نوژیان لێی ژیا و دوا هەناسەی تێدادا، لەو شوێنە بەڵگە فیلمەکەم بەرهەمهێنا، لە ساڵی ٢٠١٩ لە شەنگال دەستمان بە وێنەگرتن کرد و ساڵی ٢٠٢١ کۆتاییهات، ئامانجمان بوو لە ساڵیادی شەهیدبوونی نوژیان ئەرهان بەڵگەفیلمەکە نمایش بکەین، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی کە لە شەنگالدا هەیە نەمانتوانی".

 

ژیندا ئەسمەن باس لە شوێنی وێنەگرتنی بەڵگە فیلمەکە دەکات کە لە شەنگال، کۆبانێ، سەرێکانی، دێرک و مەخمور ئەنجامدراوە و فەریدە زادە ڕۆڵی نوژیان ئەرهان دەبینێت.

 

بەڵگە فیلمی نوژیان لە ساڵی ٢٠١٩دا دەست بە کارەکانی کراوە و لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆتایی هاتووە، لە ٢٨ی گوڵاندا کاتژمێر ١٦:٠٠ لە شارۆچکەی خانەسور بۆ جاری یەکەم پەخشت دەکرێت و لە ڕۆژانی دواتردا لە شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانیش نمایش دەکرێت.