بەیان سەلمان چیرۆکی دەستدرێژی سەر منداڵان دەنووسێتەوە

ڕۆمانی "لە بەرزایی شوراکانەوە" یەکێکە لە بەرهەمەکانی نووسەر بەیان سەلمان، تیایدا چیرۆکی دەستدرێژی سەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەنووسێتەوە.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- بەیان سەلمان، شاعیر، وەرگێڕ و نووسەری دیاری کورد، لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٦١ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و فەڕەنسی بەرھەمی بڵاوکردووەتەوە و یەکەم بەرھەمیان لە ساڵی ١٩٩٦ نامیلکە شیعرێکی کوردی بوو بەناوی "نامۆیی سەر و ھەرەسی دیمەنەکان".

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، بەیان سەلمان باسی لە سەرەتای دەستکردن بە نووسین کرد و وتی: لە ساڵی ١٩٩٤وە دەستم بە نووسین کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام لە ساڵی ٢٠٠٥وە دووبارە دەستم بە نووسین کرد و لە ساڵانیی داهاتوودا کتێبەکانم بڵاوکردەوە".

 

پەرتووکەکانی بەیان سەلمان یەکێک لەو بەرهەمانەی خوێنەرێکی بەردەوامیان هەیە و چەند پەرتووکێکی چاپی دووەم کراونەتەوە بەهۆی نەمانی چاپی بەردەستەوە، یەکێک لەو ڕۆمانانەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چاپی دووەمی بڵاودەبێتەوە "لە بەرزایی شوراکانەوە"یە.

 

ڕۆمانی "لە بەرزایی شوراکانەوە" لەلایەن نووسەر، بەیان سەلمان لە ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٢ نووسراوە و چاپی یەکەمی لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە، چاپی دووەمی ڕۆمانەکە ئەمساڵ لەلایەن دەزگای چاپی ڕەهەند لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵادەبێتەوە.

 

دەربارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بەیان سەلمان وەها دەڵێت:

"زەکیە کچۆڵەیەکە، لە ساتی لەدایکبوونەوە بە شێت دادەنرێت، دەستی لێ بەردراوە، بەجێهێڵراوە، دواجار مامانێک هەڵیدەگرێتەوە و بە کچێکی خۆی دەزانێت. بەڵام هەرچکات زەکیە لە ژێر چاودێری ئەو نەبوو، لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە بەردەوام لەلایەن ئەو پیاوانەی لە قەڵا دەژیان دەستدرێژی دەکرایە سەر و هەموو ساڵێک، دووگیان دەبوو. میم خونچەی مامان ناچارە پەنا بۆ مامۆستا وەردی بەرێت هاوکاری بکات لە چاودێری و پاراستنی زەکیە. ئەویش بەڵێنی ئەوە دەدات. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی مامۆستا وەردی، زەکیە، ڕۆژێک، بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە. مامۆستا وەردی دەکەوێتە ناو نائومێدییەکی قووڵەوە، لەڕێگەی ئەو شێتییەی تێیدا نوقم دەبێت، دەتوانێت تۆڵەی زەکیە بکاتەوە، بە بڵاوکردنەوەی شێتیی بە دەوری خۆیدا و ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ زیندووکردنەوەی کەسایەتی زەکیە. بەو جۆرە دانیشتوانی قەڵاکە دەخاتە ناو بێقەراریەک، کە هەمووان بە گومانکردن لە یەک تاوانباری کوشتنەکەن. لەگەڵ ئەوانیشدا خودی گێڕەرەوەش...

و تەنانەت خودی خوێنەریش دەداتە بەر گومان..."

 

دەستدرێژی هیچ نەتەوەیەک لێی بێبەش نییە

لە کۆتایدا بەیان سەلمانی نووسەر دەربارەی چۆن گەڵاڵە بوونی ڕۆمانەکە و نووسینی ئاماژەی بەوەدا، کە بیرۆکەی ڕۆمانەکەی لە فەرەنسا لەلا گەڵاڵە بووە، کاتێک شۆفێرێکی پاس کچانی خاوەن پێداویستی تایبەتی بۆ قوتابخانە دەبرد و دەهێنایەوە، ئەو شۆفێرە دەستدرێژی کردبووە سەر ئەو کچانە هەتا ئاشکرا بوو.

 

هەروەها دەڵێت: ئەم ڕۆمانە ڕووناکیەکی زۆر تیژ دەخاتە سەر ڕووداو گەلێک کە بەبڕوام هەموو نەتەوەیەک لێی بێ بەش نییە و بەڵگەش ئەو ڕووداوەی فەرەنسایە. بە کەم سەیرکردنی شێت، گاڵتەپێکردن پێی، لاساییکردنەوەی، بێسەروشوێنکردنی، لاقەکردنی و کوشتنی... کەم تا زۆر لە هەموو شوێنێک یەک وێنەی هەیە و ئەوانەی خۆیان بە مرۆڤە ''ئەقڵ ساغەکان'' پێناسە دەکەن، بەدرێژایی ڕۆمانەکە دەیانخەمە بەر بەرپرسیارێتی کردەوەکەیان و پارسەنگی ئەقڵ بەرامبەر بە شێتی چۆن سەیر دەکرێت.

 

بڕیارە چاپی دووەمی ڕۆمانەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە.