ژنێك لە سلێمانی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندرا
ژنێک لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە و هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی هیچ زانیارییەکیان لەسەر ڕووداوەکە لەبەردەستدا نییە.
ژنێک لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندراوە و هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی هیچ زانیارییەکیان لەسەر ڕووداوەکە لەبەردەستدا نییە.
سلێمانی
درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی ژنێك بەناوی "ش، هـ" لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندراوە، بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ڕووداوەکە ئاژانسی نوژنها پەیوەندی کرد بە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو ڕووداوەکە لای ئەوان نییە و ئاگادارنین دەبێت کەیسەکە لای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی سلێمانی بێت.
ئاژانسەکەمان پەیوەندیشی کرد بە موقەدەم هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی کە زانیاری بدات لەسەر ڕووداوەکە و وتی: "هەرچەندە پەیوەندیمان پێوە کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ژنەکە ڕێژەی سوتاویەکەی ٨٥٪ە دەبێت بنکەی پۆلیس بەدواداچوون بکات، کەیسەکە لای ئێمە نییە".
بەپێی وتەی بنكەی پۆلیسی كوردسات کە بۆ میدیاکانی ئاشکرا کردووە ژنەکە وتەی خۆی داوە و باسی لەوەكردووە، ئەو شەوە هاوژینەکەی بە سەرخۆشی گەڕاوەتە ماڵەوە و هێرشی كردووەتە سەری و نەوتی پیاداكردووە، كاتێك ئەم رایكردووە بۆ حەمام بۆ ئەوەی ئاو بكات بەخۆیدا، راستەوخۆ هاوژینەکەی ئاگرەكەی پێوەناوە و سوتاندوویەتی و ئێستا لە نەخۆشخانەی ئێمرجینسی سلێمانیە و ٨٠٪ی جەستەی سوتاوە.