ڕاپۆرتی ئەمنستی: چەکدارانی تیگرای هاوڵاتیان دەکوژن و دەستدرێژییان کردە سەر ژنان
نوێترین ڕاپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاشکرایدەکات کە لە دوو شارۆچکە لە ناوچەی ئەمهارای باکوری ئەسیوبیا، بەرەی ڕزگاری گەلی تیگرای بە ئەنقەست دەیان کەسی کوشتووە و چەتەکان دەستدرێژیان کردووەتە سەر ژنان. ناوەندی هەواڵ
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-screenshot2022-02-16101138-jpg7da1f0-image.jpg)
نوێترین ڕاپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاشکرایدەکات کە لە دوو شارۆچکە لە ناوچەی ئەمهارای باکوری ئەسیوبیا، بەرەی ڕزگاری گەلی تیگرای بە ئەنقەست دەیان کەسی کوشتووە و چەتەکان دەستدرێژیان کردووەتە سەر ژنان.
ناوەندی هەواڵ
ئەمنستی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ چەند کەسێک کردوە لە دوو شارۆچکە "کۆبۆ و چێنا" کە قسەیان کرد دەربارەی ئەو توندوتیژیە دڕندانەیەی لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب و ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە.
ئەمنستی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٧ کەس کردووە لە هەرێمی کۆبۆ کە هەندێکیان دەڵێن چەکداران لە دەرەوەی ماڵەکانیان کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکانیان کوشتووە ئەوانی تر وتیان کە لاشەی دانیشتوانی ناوچەکەیان دۆزیوەتەوە کە لە سیدارە دراون و دواتر تەقەیان لێکراوە.
ئەوە ئاشکرا بووە کە چەکدارانی تیگرای بە ئەنقەست هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەکیان کوشتوە، کە پێدەچێت تۆڵەی دۆڕاندن لە نێوان ڕیزەکانیان لە دەستی میلیشیاکانی ئەمهارا بکەنەوە.
دەستدرێژی ترسناک لە چێنا
ئەو چەکدارانە لە دەوروبەری چێنای گوندێکی ناوچەی ئەمهارا دەستدرێژییان کردە سەر دەیان ژن کە زۆربەیان کات لە ماڵەکانی خۆیاندا بووە.
ئەمنستی چاوپێکەوتنی لەگەڵ نزیکەی ٣٠ کەس لە ڕزگاربووانی دەستدرێژی سێکسی لە چێنا کردووە، کە هەندێکیان وتیان لە بەرامبەر منداڵەکانیان دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەریان ئەمنستی هەروەها وردەکاریی ترسناکی ئەو جەنگاوەرانەی باسکرد کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنانی گەنج.