ڕێکخراوەکانی ژنان لە بەرامبەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی هەڵوێست وەردەگرن
لەدوای بڵاوبوونەوەی وتەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە کە دەڵێت "قوربەسەری کەرتی پەروەردە ئەوەیە ٦٠٪ی مامۆستاکانی ژنن" و کەوتنەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان، داوا دەکرێت ڕێکاری تایبەت بەرامبەر بە بەڕێوەبەری پەروەردە بگیرێتە بەرو چیدیکە ڕێگە نەدرێت کەسانی خاوەن ئەقڵیەتی پیاوسالاری پۆستە باڵاکان وەربگرن.
لەدوای بڵاوبوونەوەی وتەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە کە دەڵێت "قوربەسەری کەرتی پەروەردە ئەوەیە ٦٠٪ی مامۆستاکانی ژنن" و کەوتنەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان، داوا دەکرێت ڕێکاری تایبەت بەرامبەر بە بەڕێوەبەری پەروەردە بگیرێتە بەرو چیدیکە ڕێگە نەدرێت کەسانی خاوەن ئەقڵیەتی پیاوسالاری پۆستە باڵاکان وەربگرن.
شنیار بایز
سلێمانی- دوابەدوای ئەوەی دڵشاد عومەر محەمەد، بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆڕی "هەرێمی کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییەکانی سیستەمی خویندنی جهاندایە؟" کە لە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر بەڕێوەچوو، لە بەشدارییەکدا وتی: "یەکێک لە قوڕبەسەرییەکانی کەرتی پەروەردە ئەوەیە کە ٦٠٪ی مامۆستایانی پەروەردە ژنانن"، ئەوە لە کاتێکدایە کە یادکردنەوەی ٨ی مارس ڕۆژی ژنان کەمتر لە مانگێکی ماوەو لە بری ئەوەی ڕێز لە ماندوبوون و کاری ژنان بگیرێت، ڕەخنە لە مامۆستایانی ژن دەگیرێت کە لەسەر دەستی ئەوان چەندین نەوە پێدەگەن و کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن.
ئەمەش بووە هۆکار بۆ هاتنە دەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاکوان و ئەو ڕێکخراوانەی لەسەر پرسی ژن کار دەکەن، چونکە ناکرێت بەڕێوەبەرێکی پەروەردەو فێرکردن ئەمە بیرکردنەوەی بێت.
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەکرابوو کە ئاگاداری ئەنجومەنی باڵای خانمان و ڕێکخراوەکانی یەکێتی ژنان و یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و یەکگرتووی خوشکان و گشت ئەو ڕێکخراوانە دەکەن کە لەسەر پرسی ژنان و ئافرەتان کاردەکەن بانگهێشتیان دەکەن کە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی شوبات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئامادەبن، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەو خستنەڕووی بەڵگە لەسەر ئەو لێدوانەی بڵاوکراوەتەوەو لێی بڕاوە.
بەڵام هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون و پێیان وایە هەر قسەیەک بکرێت ئەوە پاساوە، دەربارەی وتەی بەڕێوەبەری پەروەردە و بانگهێشتنامەکەی بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕوونکردنەوەی وتەکەی، سەیوان ڕۆستەم بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان بۆ نوژنها قسەی کرد.
"بەڕێوەبەری پەروەردە بە هنیەتێکی تەواو پیاو سالاری هاتۆتە دەنگ"
سەیوان ڕۆستەم وتی: "بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی بە وتنی قسەیەکی لەو شێوەیە شاری سلێمانی هەژاند، چونکە تەواو لە پێگەی ژنانی مامۆستای کەمکردەوە بە تایبەت مامۆستایانی ژنی شاری سلێمانی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی پەروەردە و بە شێوەیەکەی پەروەردەییانە کاریان کردووە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردە بە زهنیەتێکی تەواو پیاو سالاری باس لەوە دەکات بوونی ژن لە بەڕێوەبەرایەتیەکی وەک پەروەردە قوربەسەری بێت، بۆیە پێویستە لە بەرامبەر بەو قسەیە هەڵوێست بنوێنرێت و جێگای قبوڵ نییە".
"خاوەن پلەو پۆستەکان تا ئێستا بە فکری جیاوازی ڕەگەزییەوە مامەڵە دەکەن"
سەیوان ڕۆستەم ئاماژەی بەوەشکرد کە قسەکەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەری دەخات چەنێک ئەو کەسانەی لەو پلەو پۆستانەدان تا ئێستا بە جیاوازی ڕەگەزی مامەڵە دەکەن و فکری جیاوازی لە مێشکیاندا چەقی بەستووە، وتیشی: "پێویستە هەمووان ئەوە بزانن ژنانن لە کۆمەڵگای جیهاندا کەرتی پەروەردەیان پێشخستووە، بوونەتە هۆکار بۆ بەرەوپێشچوونی پەروەردە جیاوازەکان".
"مۆڵەتی دایکایەتی مافێکی سەرەتایی ژنە مامۆستاکانە"
هەندێک پێیانوایە مەبەستی بەڕێوەبەری پەروەردە مۆڵەتی دایکایەتی بووە بەڵام سەیوان ڕۆستەم لەوبارەیەوە وتی: "پێدانی مۆڵەتی دایکایەتی بە ژنە مامۆستاکان مافێکی سەرەتایی خۆیانە ناکرێت ئەمە ببێتە قوڕبەسەری، ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرە ئەمە بکاتە بیانوویەک ئەوە قسەکە خراپتر دەکات نەک باشتر، چونکە ژن دەبێتە هۆی درێژە پێدەری ژیان و کۆمەڵگا".
ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە بە شێوەیەکی گشتی نەک تەنها بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لەوە تێبگەن ژنان مافیان هەیە و پێویستە وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت، وتی: "دەسەڵاتداران ڕێگە بگرن لەوەی چیدیکە کەسانی خاوەن فکری پیاوسالاری ببنە خاوەن پۆست و دەسەڵات، ئێمە وەک ٢٥ ڕێکخراو کۆکین لەسەر ئەو ناڕەزایەتییەی بەرامبەر لێدوانەکەی ئەو بەڕێوەبەرە هەمانە، هەروەها ئەو بانگهێشتنامەیە بە جێگای ئەوەی نازانین بەشداربین بۆ ئەوەی ئەو وتەیەی بسڕێتەوە تەنانەت ئەگەر پۆزش و داوای لێبوردنیش بێت".
داواکاریشە کە کۆتایی بە ئەقڵەیەتی دواکەوتوی و پیاوسالاری بهێندرێت، دەسەڵاتداران ڕێگە بگرن لەوەی چیدیکە ئەو جۆرە کەسانە ببنە خاوەن پلەو پۆست، هەروەها ڕێکاری تایبەت بگرنە بەر بەرامبەر بەو بەڕێوەبەرە