ژنانی کورد: ئێمەی ژنان بە فکری ئۆجالان سەربەست بووین
هاوڵاتیان و چالاکوانانی شاری سلێمانی ڕێپێوانیان دژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، ژنانیش داوای ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.
هاوڵاتیان و چالاکوانانی شاری سلێمانی ڕێپێوانیان دژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، ژنانیش داوای ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان، هاوڵاتیان و چالاکوانانی شاری سلێمانی و بەشێکی زۆری هاوڵاتیان لە شار و شارۆچکەکانی چوار پارچەی کوردستانەوە ڕێپێوانێکیان لە شەقامی سالمەوە بەرەو پارکی ئازادی ئەنجامدا، تێکڕا دروشمی "ئازادی بۆ ئۆجالان"یان دەوتەوە.
ژنان زۆرینەی بەشداربووانی ڕێپێوانەکە بوون پەنجەی سەرکەوتنیان بەرزکردبووە، بەشێکی زۆری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان خاوەنی فکری ئازادی ژنە.
پاش گەیشتن بە پارکی ئازادی، لەناو پارکەکەدا لەلایەن شۆڕش خدر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان وتاری کۆمیتەکەی پێشکەشکرد، تێیدا هاتووە "ڕێبەر ئۆجالان مەزنترین و مێژووییترین بەرخۆدانی بەڕێوەبردووە، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلە وڵاتپارێزەکەشمان بە پێشانگایەتی ژنان و گەنجانلە دەوری ئەو بەرخۆدانە بوونەتە پەرژینێکی ئاگرین".
هەروەها وەک کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان ڕایانگەیاند تا ئۆجالان ئازاد نەبێت نە پرسی کورد چارەسەر دەبێت و نە کوردستانیش ئازاد دەبێت، بانگەوازیشیان لە تەواوی گەلی کورد کرد، کە بەیەکەوە و بە ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی پیلانگێڕی و داگیرکاری تێکبشکێنن.
سروشت هەڵەبجەی، پارێزەر و ژنێکی بەشداربووی ڕێپێوانەکە، داوا لە هەموو گەلی کورد دەکات کە ئەو ڕۆژەیان هیچ کات بیرنەچێت، دەشڵێت دەبێت هەموو گەلی کورد و بە تایبەتیش ژنان لە پێشەوەی ئەو بانگەوازانە بن، "چونکە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت".
دایە شەیما خەڵکی شارۆچکەی تل تەمری ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەو پیلانگێڕیە شەرمەزار دەکات، داوای ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، لەبارەیەوە دەڵێت "ئێمەی ژنان بە فکری ئەو سەربەستبووین، فێری بەرگریکردن لە خۆمانی کردین".
هەروەها دەڵێت کە کورد لە هەر چوار پارچەکە هەمان دۆزی هەیە و هەمان دوژمنی هەیە، بۆیە دەبێت هەموو کورد یەکگرتووبێت.
لە کۆتاییدا هەمووان وەک چالاکیەک لە شوێنی خۆیان دانیشتن و دروشمەکانیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەوتەوە، هەروەها لەلایەن کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان ڕۆژنامەیەک بە ناونیشانی "کات کاتی ئازادی ئۆجالانە" بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا، کە بە بۆنەی ٢٣یەمین ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری کورد ئامادە کراوە و پێکدێت لە کۆمەڵێک وتار لەبارەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی و ژیاننامەی ئەو گیانفیدایانە لەخۆدەگرێت، کە بەبۆنەی گەلەکۆمەکەوە چالاکیی گیانبازییان ئەنجامداوە.
ت.پ