هێڵی گەرمی ١١٩ سکاڵا تەنها لە کەسی توندوتیژیلێکراو وەردەگرێت

هێڵی گەرم و تیم مۆبایل دوو بەشن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت، کە فریاکەوتنی خێران بۆ حاڵەتەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سکاڵا لە هەواڵدەرەکانی دەوری ڕووداوەکە وەرناگرن، بەڵکو دەبێت دەستدرێژیلێکراو خۆی سکاڵا بکات و پەیوەندیان پێوەبکات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بەپێی ئامارەکانی بڵاودەکرێتەوە، دەرکەوتووە کە حاڵەتەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆسەر ژنان زیادیکردووە، هێڵی گەرمی "١١٩" و تیم مۆبایل لە ساڵی ٢٠١٨وە دامەزراوە، دوو بەشن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان، ڕۆژانە لەلایەن ئەندامانی خێزان و ژنانەوە پەیوەندیان پێوە دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست نوژنها کەوتووە لە مانگی کانوونی دووەم تا تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، ٤ هەزار و ٦٥٤ پەیوەندی کراوە بە هێڵی گەرمەوە کە ٣ هەزار و ١٣٠ پەیوەندیان بۆ پێدانی ڕێنمایی و ڕاوێژ بووە، لە کۆی پەیوەندییەکاندا ٢ هەزار و ٧٣٨ پەیوەندیان ڕەگەزی مێ بووە، هەزار و ٨٩ پەیوەندییان نێر بووە، بەشەکەی دیکەی کە دەکاتە ٨٢٧ پەیوەندی، بۆ سوکایەتی و بێزارکردنی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە یاخود پەیوەندی هەڵە بوون.

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە، هێڵی گەرم و تیم مۆبایل بە ئەستەم سکاڵا لە کەسانی دەوروبەری ڕووداوی توندوتیژییەکە وەردەگرن، بەڵکو دەبێت ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت یاخود لەناو توندوتیژییەکەدایە و دۆخەکەی مەترسیداوە، خۆی پەیوەندییان پێوەبکات تا بەدەمییەوە بچن.

 

بۆچی لە هێڵی گەرمدا تەنها سکاڵا لەو کەسانە وەردەگیرێت کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە؟

چنور ئیبراهیم، کارمەندی هێڵی گەرم، باسی لەوەکرد لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی توندوتیژیدا سکاڵا بە پەیوەندی لە هیچ کەسێک وەرناگیرێت، دەبێت کەسی توندوتیژیلێکراو خۆی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان یاخود هەردوو نوسینگەکە بکات و ناسنامەی پێبێت کە بیسەلمێنێت خۆیەتی، "کاتێک حاڵەتی کتوپڕ هەیە، هەواڵدەر یاخود کەسی توندوتیژیلێکراو دەتوانێت پەیوەندی بە ١٠٤ پۆلیسی فریاکەوتن بکات و لە ڕێگەی ئەوانەوە دەتوانرێت کەیسەکان لە ماڵەوە بهێنرێتە دەرەوە، ئەمەش تەنها لەو بارەدا کە حاڵەتەکە نزیک ببێتەوە لە کوشتن بەبێ مۆڵەتی خاوەن ماڵەکە دەچنە ماڵەوە".

 

پێویستە چارەسەر بۆ کەموکرتییەکانی هێڵی گەرم و ١١٩ بدۆزرێتەوە

چنور ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت بە پێی یاسا کاردەکەن بۆیە تا فەرمانی حاکمیان پێنەبێت ناتوانن دەستبەرن بۆ کەیسی هیچ کەسێک، وتیشی "لە ئێستادا ڕێگامان پێنادرێت بچینە سەر کەیسی توندوتیژی بێ بوونی فەرمانی حاکم، بەڵام پێویستە بڕیارێک دەربکرێت بۆ ئەوەی تیمەکانمان دەربچن و سەردانی ئەو ڕووداوانە بکەن کە توندوتیژین و ژنەکە یاخود کەسی توندوتیژیلێکراو ناتوانێت خودی خۆی پەیوەندی بکات".

 

داواش لە وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان دەکات ئەم کێشەیە بکرێتە پڕۆژە یاسا و بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو جۆرە کەیسانە بدۆزرێتەوە کە ناتوانن پەیوەندی بە ١١٩ بکەن، "زۆرینەی کات ئەو پەیوەندیانەی بۆمان یەت پێمان دەڵێت ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدەم پەیوەندی بکەم بەڵام دەرفەتم نەبووە، یاخود نەمزانیوە شوێنێک هەیە داکۆکی لە مافی ژن بکات".

 

ئەو کارمەندە تیشکدەخاتەسەر پەیوەندییەکان کە زۆرینەی بەهۆی کێشەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، نەبوونی لایەنی تەکنەلۆژی لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ١١٩ کە پەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە هەراسانکەران لەناوببات بە کێشەی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەزانێت.

 

کاری تیم مۆبایلەکان چین؟

نیاز ساڵح، توێژەری دەروونی و ئەندامی تیم مۆبایل لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، کاری تیم مۆبایل و دۆخی دەروونی ژنان دەخاتەڕوو، "تیم مۆبایل لە بەشی یاسای، دەروونی و کۆمەڵایەتی پێکدێت، بە شێوەی گەڕۆک کاردەکەن، کەسی توندوتیژیلێکراو لە پاش پەیوەندی کردن بە ١١٩ یاخود تیم مۆبایل، کەیسەکەی بۆ دیاری دەکرێت ئەگەر کێشەکەی لەگەڵ کەسێکدا هەبێت لە دەرەوەی خێزان ئەوا تیم مۆبایل بە دەم کێشەکەوەی دەچن، چونکە ئەو کێشانەی لەناو خێزاندان دەچنە سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی".

 

نیاز باسی لەوەکرد، هەرکەسێک سکاڵای هەبێت لە کەسێکی دیکە هەوڵدەدەن لە ڕێگای مۆبایلەوە گفتووگۆ لەگەڵ هەردوو لایەندا بکەن و بیانهێننە بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ چارەسەری کێشەکانیان، وتیشی "هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگای ١١٩ و ژمارەکانی تیم مۆبایل پەیوەندی بکەن، بەڵام کاتێک شارەزایی ژمارەی تیم مۆبایلەکان نەبوون دەتوانن لە ڕێگای ١١٩وە پەیوەندی بکەن چونکە تاکە ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە، ژمارەی تیم مۆبایلەکان زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاردێت".

 

"هاوڵاتیان دەترسن لەوەی کاتێک توندوتیژییەک دەبینن شایەتی بۆ بدەن"

باشێکی هاوڵاتیان تەنها لە هێڵی گەرمی ١١٩ ئاگادارن و سەبارەت بە تیم مۆبایل زانیارییان نییە، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان کە بەردەوام بانگەوازی بۆ دەکەن، سەبارەت بە پێدانی زانیاریش دەڵێت: "کاتێک کەسێک توندوتیژییەک دەبینێت دەتوانێت وەک هەواڵدەر پەیوەندی بە ئێمەوە بکات و ڕووداوەکەمان پێڕابگەیەنێت یاخود بێتە لامان، لە پاشان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر فەرمانمان پێبکات دەچینە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ئەگەر ماڵ بێت دەبێت دادوەری دادگای توندوتیژی فەرمان دەربکات تا بچینە ماڵەکەوە".

 

"ژنان پێویستە وشیار بن، لەوکاتەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت نەترسن"

گرنگە ژنان هۆشیاری تەواویان هەبێت کە ئەوان هەق و مافیان هەیە، ئاگادار بن لەوەی کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت یاسا پشتیوانیان دەکات، پێویستە ئەوەندەی کات بە بیرکردنەوە بەسەر دەبەن، هەوڵبدەن پەیوەندی بە ١١٩وە بکەن و بە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەگەر بێتوو خۆیان توانای چارەسەرکردنی کێشەی نەبێت.

 

ئەو توێژەرە ڕوونیکردەوە، ژنانی ئێمە ترسیان هەیە لەوەی لە هاوژینەکانیان جیاببنەوە کۆمەڵگە قسەی لەسەر دەکات، وە ئەگەر سەردانی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی خێزانی بکات ئیدی جیادەبنەوە، "ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە چونکە کاری بەڕێوبەرایەتی چارەسەرکردنی کێشەکانە نەک هەڵوەشاندنەوەی خێزان.

 

ت.پ