نوسینگەی کاری نێودەوڵەتی، کۆرۆنا کاریگەری بەهێزی لەسەر ژنان هەبووە وەک لە پیاوان

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نایەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان زیادی کردووە، بە جۆرێک ڕێژەی دەستکەوتنی کار بۆ ژنان بە بەراورد بە پیاوان زۆر کەمی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی نوسینگەی کاری نێودەوڵەتی، کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ تەمموز، لە شاری جنێفی سویسرا ئاشکرای کردووە، پەتای کۆرۆنا کاریگەری زیاتری لەسەر بازاڕی کاری ژنان هەبووە بە بەراورد بە پیاوان، لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی دەستکەوتنی کار بۆ پیاوان لە ئاستێکی بەرزتردایە وەک لە ژنان، بۆیە هەر بەو شێوەیە لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ١٣ ملیۆن ژن کەمتر کاردەکەن، دەستکەوتنی کار بۆ ژنان لە ٪٤٣.٢ هەروەها بۆ پیاوان ٪٦٨.٦.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوە دەردەخات ئەو وڵاتانەی ژنان تێیدا بێکار بوون بە ڕێژەی زۆری وڵاتانی عەرەبین لە دوای وڵاتی ئەمریکا، لە وڵاتە عەرەبیەکاندا دامەزراندنی ژنان لە ٪٤.١ کەمی کردووە بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ کە ژنان ٪١.٨ بێکار بوون، ئەم ڕێژەیەش کەمترە لە وڵاتی ئەمریکا کە ٪٩.٤.

 

ئاماژەی بەوەشدا دامەزراندنی ژنان لەسەر ئاستی جیهان لەماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو لە ٪٤.٢ کەمی کردووە، کە دەکاتە ٥٤ ملیۆن ژنی بێکار، لە کاتێکدا دامەزراندنی پیاوان لە ٪٣ کەمی کردووە، لە وڵاتانی ئاسیا کەمبوونەوەی ڕێژەی دامەزراندنی ژنان بریتیە لە ٪٣.٨ بە بەراورد بە پیاوان کە ٪٢.٩، هەروەها لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست ڕێژەکە بریتییە لە ٪٢.٥ بۆ ژنان و ٪١.٩ بۆ پیاوان.

 

لە ئەفریقا کەمترین ڕێژەی بێکاری پیاوان بۆ ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ تۆمارکراوە بە بەراورد بە ژنان کە بریتییە لە ٪٠.١ بەڵام ژنان لە ٪١.٩، ئەنجامی ڕاپۆرتەکە دەری خستووە نایەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە جیهاندا لەکاتی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت زیاتریش ببێت.

 

ت.پ