شەکرە، ئازارە بێ کۆتاکەی منداڵان

ئەگەرچی باڵەخانەیەکی ڕەنگاوڕەنگی هەیە، بەڵام نەخۆشی شەکرە خەریکە خەونی ڕەنگاوڕەنگی منداڵەکان کاڵدەکاتەوە، تەنها لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی هەزار فایلی نەخۆشی شەکرەی منداڵان هەیە، بەردەوامیش ئەم ئامارە لە زیادبووندایە، ڕۆژانە سێ بۆ پێنج منداڵ لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە بڕیاری دروستکردنی دەفتەری شەکرەیان بۆ دەدرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- نەخۆشی شەکرە، ئێستا بە یەکێک لە نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەکان دادەنرێت، زۆر جار پێی دەوترێت بکوژێکی بێدەنگ، ئەم نەخۆشیە بە گشتی زۆرینەی تەمەنەکان تووشی دەبن، لە منداڵانیشدا ڕێژەکەی بەرزە.

 

ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە ١.١ ملیۆن منداڵ توشبووی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکن، ساڵانەش ١٣٢ هەزار توشبووی نوێ لە جیهاندا تۆمار دەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیشدا هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ئەم نەخۆشیە لەنێو منداڵاندا هەیە.

نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک لە منداڵان و گەنجاندا باوە، پەنکریاس توانای دروستکردنی ئەنسۆلینی نییە، کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی شەکر لە خوێندا، بەمەش ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێنیش دەبێت ئەو کەسە دەبێت لە ڕێگای دەرمانەوە ئەنسۆلینی پێویست وەربگرێت.

 

تا ئێستا هیچ هۆکارێکی سەرەکی بۆ نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک نیە، بەڵام دوو هۆکار هەیە،ئەوانیش بۆماوەیی یاخود ناتەندروستی شێوازی ژیان و خواردن.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشید تایبەت بە منداڵان لە شاری سلێمانی، تا ئێستا نزیکی هەزار تووشبووی نەخۆشی شەکرە لە تەمەنی یەک ڕۆژی بۆ ١٧ ساڵیدا تۆمار کراون، لە ڕۆژانی دوو شەممە و چوارشەممەدا کە لیژنەی تایبەت بە نەخۆشی شەکرە نەخۆش دەبینن، سێ بۆ ٥ منداڵی نوێ تۆمار دەکەن، کە دەفتەری تایبەت بە وەرگرتنی دەرمانی نەخۆشی شەکرەیان بۆ دەکرێت.

 

باڵەخانەی ئەم نەخۆشخانەیە وەک دنیا و خەونی منداڵان ڕەنگاوڕەنگە، بەڵام ئەم نەخۆشیە خەریکە خەونی منداڵانی ئەم نەخۆشخانەیە کاڵدەکاتەوە ئەگەر دایک و باوکیان نەبێت، ئیتر ورەیەکیان بۆ ژیان نامێنێت.

سەرگوڵ ساڵح لەگەڵ دینای کچیدا هاتووە تا دەرزیی ئەنسۆلینەکانی کچەی وەربگرێت، دەڵێت کچەکەی بەشێوەیەکی لەناکاو لە ترسەوە تووشی نەخۆشی شەکرە بووە، دەبێت بەردەوام چاودێری بکات، نەکا شەکرەکەی بەرز یاخود نزم ببێتەوە.

ئەو دایکە باسی دۆخی منداڵەکەی دەکات، کە دەبێت بەردەوام ئاگاداری بێت، زۆرجار حەزی لە شیرینییە، بەڵام دەبێت بە بیانوی جیاواز هەوڵ بدات لەبیری بباتەوە، تا بەردەوام شەکری خوێنی منداڵەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت.

 

دینای تەمەن ١٠ ساڵیش باسی ئەو کاتانە دەکات کە شەکری خوێنی دادەبەزێت، دڵی لەسەر خواردنی شیرینی نامێنێت، داوەش دەکات منداڵەکان ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، دەرزییەکان لە کاتی خۆیدا بەکاربهێنن.

  

شیلان عەلی دایکی منداڵێکی توشبووی نەخۆشی شەکرەیە، منداڵەکەی شیلان ئێستا تەمەنی سێ ساڵە، لە تەمەنی ساڵ و نیودا توشی نەخۆشی شەکرە بووە، دەبێت ڕۆژانە بەردەوام چاودێری بکات و دەرمانەکانی لە کاتی خۆیدا پێبدات.

تارا حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کوێرە گلاندەکان لە منداڵدا وەک پزیشکێک لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشید ئەوە دەخاتەڕوو کە نەخۆشیەکە ئاسان نییە، بە تایبەت لە سەرەتادا دەبێت دایک و باوکەکان فێری چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمانەکان بن.

باس لەوەش دەکات، کە سەرەتا زۆر سەختە بۆ منداڵ و دایک و باوکەکانیش، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵیدا ڕادێن، لەبارەی دەرمانی پێویستییشەوە لە نەخۆشخانەکەدا، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە هەندێک جار دەرمانەکان هەن و هەندێک جاریش دەرمانەکان نایەت بۆ نەخۆشخانەکە.

 

ت.پ