چرا کاوە حەوێزی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشی گورگە سورە بڵاودەکاتەوە

دکتۆر چرا کاوە دەربارەی نەخۆشی گورگە سورە چەند هۆشیارییەک بڵاودەکاتەوە و ئاماژە بەوەش دەدات کە نەخۆشییەکە زیاتر لە ژناندا ڕوودەدات وەک لە پیاوان.

ناوەندی هەواڵ

 

دکتۆر چرا کاوە حەوێزی، پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی جومگە و رۆماتیزم و شیاندنی پزیشکی، لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند خاڵیکی گرنگ کە پێویستە نەخۆشانی توشبوو بە گورگە سورە-SLE-مرض الذئبة الحمراء رەچاوی بکەن.

 

دکتۆرە چرا وەها دەنووسێت:

نەخۆشی گورگە سورە «Systemic Lupus Erythematosus »نەخۆشیەکی رۆماتیزمی مناعي درێژخایەنە کە زیاتر لە ژناندا روودەدات بە بەراورد لەگەڵ پیاوان، وە زیاتر لە تەمەنی گەنجی دەبێت واتە ٢٠ ساڵ بەرەو سەر، وە لە منداڵیش بە ھەمان شێوە ئەگەری تووشبوونی ھەیە.

 

لێرەدا ھەندێ خاڵی گرنگ ھەیە پێویستە نەخۆش ئاگادار بێت، لەوانە:

١-ئەم نەخۆشیە جگە لەوەی کە نەخۆش تووشی ھەوکردن و رەقبوونی جومگەکانی دەبێت، کۆئەندامەکانی تریش وەک «گورچیلە ،مێشک و دەمارەکان ،سی یەکان ، پێست ،دڵ ». ئەگەری تووشبوون بە ھەوکردنیان ھەیە .

 

٢-نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر جیاوازە، بۆیە ھەر نەخۆشە و بەگوێرەی سوکی و قورسی نیشانەکانی و ئەم کۆئەندامەی کە کاری کردۆتە سەر چارەسەری دەگۆرێ .

 

٣- ھەندێ جار نەخۆشیەکە بۆ ماوەیەکی باش کپە و چالاک نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە نەخۆشیەکە نەمایە یان چارەسەر ڕاگری بێ رێنمایی پزیشکی جومگەو رۆماتیزم، چونکە ھەندێک جار دوای ئەم کپیە زۆر چالاکتر نیشانەکان سەرھەڵدەداتەوە بە تایبەتی ئەمانەی چارەسەر لە خۆڕا رادەگرن.

 

٤- ئەم ئافرەتەی نەخۆشی گورگەسورەی ھەیە «SLE»«داء الذئبة الاحمراء او الذئبة الحمامية»وەک ھەر ژنێکی ئاسایی دەتوانێت دووگیان بێ، بەڵام پێش پلانی دووگیانی پێویستە سەردانی پزیشک بکات .بۆ دوو خاڵ

یەک/چارەسەرەکان رێکبخرێت، واتە زیان بە کۆرپەکە نەگەیەنێت.

دوو/دەبێت نەخۆشەیەکەی بە تەواوی کۆنترۆل بێت و چالاک نەبێت، چونکە نەخۆشی گورگە سورە ئەگەری چالاکبوونی زۆرە لە کاتی سکپریدا، کە لەوانەیە مەترسی گەورە دروستبکات بۆ ھەر یەک لە دایک و کۆرپە .

٥- یەک لە نیشانە بەرچاوەکانی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە کە پێستی نەخۆش زۆر ھەستیار دەبێت، سوربوونەوە ھەندێجار برین دروست دەبێت بە بەرکەوتنێکی کەم بە تیشکی خۆر، بۆیە پێویستە نەخۆش بە بەردەوامی کرێمی دژە خۆر بەکاربھێنێت بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری تیشکی خۆر لە سەر پێست .

 

٦- پیاوان بە ھەمان شێوە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی گورگە سورەیان ھەیە، بەڵام رێژەکە کەمترە بە بەراورد لە گەڵ ژنان، بەڵام کە تووشبوو لەوانەیە زۆر قورستر نیشانەکانی بۆ دروست بێت.

 

٧-ماکەکانی ئەم نەخۆشییە زۆر زۆرە، لەوانەیە ببێتە ھۆی پەککەوتنی گورچیلە، جەڵتەی دڵ، جەڵدەی دەماغ و گەشکە، بۆیە متابعە و رانەگرتنی چارەسەر زۆر گرنگە.

 

تێبینی/ لە کاتی ھەستکردن بە ژانە سەری زۆر، بەرزبوونی فشاری خوێن، ئازار و توندبوونی سنگ، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی لێپرسراو بکات.

 

ت.پ