زۆر بەکارهێنانی دەرمانە ئازارشکێنەکان زیانیان زیاترە وەک لە سود

بەکارهێنانی دەرمانەکانی ئازارشکێن بێ هەبوونی زانیاری پێویست لەسەریان و بە تایبەت ژنان لە کاتی سوڕی مانگانەدا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بە یەکێک لە ڕێگا چارەسەرە هەڵەکان دادەنرێت بۆ شکاندنی ئازار.

 

شنیار بایز

سلێمانی- یەکێک لەو دەرمانانەی هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەت بەکاریدەهێنن بێ گەڕانەوە بۆ پزیشک  و وەک جۆرێک لە ئالودەبوونی لێهاتووە، بریتییە لە دەرمانە ئازارشکێنەکان، لەو کاتانەدا بەکاردەهێنرێت کە کەسەکە ڕووبەڕووی ئازار ببێتەوە جا ئازارێکی ئاسایی بێت، یاخود بەهێز.

 

هەندێک لەو دەرمانانە دەبێت پزیشک بۆ هاوڵاتی بنوسێت وەک ئەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشیەکانی دیکە دەنوسرێن، چونکە بەهێزن و والە نەخۆش دەکات خەواڵوو بێت و جۆرێک بێئاگایی دەکات وەک دەرمانی "کۆدامۆڵ"، هەندێک دەرمانی دیکە وەک "پاراستۆڵ، ئایبۆ پڕۆفین"، دەتوانرێت بێ ڕێنمایی پزیشک بەکاربێت چونکە نەخۆش تووشی بێئاگایی ناکات.

 

ئاهی ئەحمەد، پزیشکی دەرمانساز، دەربارەی زیاد بەکارهێنانی دەرمانە ئازارشکێنەکان ئاماژەی بەوەدا: بەکارهێنانی هەر دەرمانێک باشترە لە ژێر ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕدا بێت، بەڵام لە کاتێکدا ئازارەکە هێندە بەهێز نەبوو نەخۆش دەتوانێت بە پێی ڕێنمای پزیشکی دەرمانساز دەرمانەکە بەکاربێنێت.

دەرمانە ئازارشکێنەکان بێ سنور بەکاردەهێنرێن

پزیشک ئاهی ڕوونیکردەوە، ئێستای جیهان بە هەردوو ڕەگەزەوە و بەتایبەت ژنان لە کاتی سوڕی مانگانە، سەریانکردووەتە بەکارهێنانی دەرمانەکانی ئازارشکێن، جگە لەمانەش بە ڕێژەیەکی زۆریش بۆ منداڵان بەکاردەهێنرێن، هۆکاری ئەم بەربڵاویەی هەبوونیەتی بە جۆرەها شێوازی وەک دەرزی، حەپ، قەترە و شروب، کە بۆ منداڵانی خوار یەک ساڵ بە شێوەی قەترە، بۆ سەروو یەک ساڵ بە شێوەی شروب و بۆ منداڵانی سەروو ١٢ ساڵ و کەسانی بەتەمەن بە شێوەی کەپسول، دەرزی و گیراوە هەیە.

 

"هەموو دەرمانێک لە سنوری خۆی زیاتر بەکار بهێنرێت زیانی هەیە"

ئەو پزیشکە ڕێنمایی دەربارەی زیادبەکارهێنانی ئازارشکێنەکان دەخاتەڕوو: هەموو دەرمانێک لە سنوری خۆی و چاودێری پزیشک و ڕەچەتەی دەرمانەکە بەکاربهێنرێت سود بە نەخۆش دەگەیەنێت، بەپێچەوانەوە زیان بە تەندروستی نەخۆش دەگەیەنێت، دەرمانە ئازارشکێنەکان بە پلەی یەکەم دێن، ئەگەر کەسی بەکارهێنەر لە سنوری خۆی زیاتر بەکاریبهێنێت، ڕووبەڕووی کێشەی گەدە و کۆئەندامی هەرس دەبێتەوە، هەندێک کات برینی گەدەی لێدەکەوێتەوە هەروەها کێشەی گورچیلەش، بە نمونە پاراسیتۆڵ کەسەکە کێشەی جگەری هەبێت زیانی زۆری پێدەگەیەنێت.

 

ئەوەی لەناو هاوڵاتیاندا باوە بەکارهێنانی دوو جۆری دەرمانی ئازارشکێنە لەیەک کاتتدا، یاخود تێکەڵکردنی دوو دەرمان و بەکارهێنانی لە ڕێگەی پێکوتە، کە هەڵەترین ڕێگان بۆ نەمانی ئازار، ئاهی وتی: "ئەمانە زۆر دوورن لە ڕێگای زانستی، کاریگەرییەکانی لە دواڕۆژدا دەردەکەوێت".

 

"دەرمانە ئازارشکێنەکان پڕفرۆشترینن"

نەخۆش بەبێ بوونی ڕەچەتەی پزیشکی دەرمانی ئازارشکێن بەکاردەهێنن بۆیە فرۆشیان لەناو دەرمانخانەکاندا بە بەراورد بە دەرمانەکانی دیکە زیاترە، وەک پزیشک ئاهی ئاماژەی پێدا باوترین هەڵە لەناو هاوڵاتیاندا بەکارهێنانی ئەو دەرمانەیە کە کەسێکی نزیکی بەکاریهێناوە و سودی لێبینیوە، ئەمیش دێت هەمان دەرمان بەکاردەهێنێت لە کاتێکدا ڕەنگە بۆ جەستە و نەخۆشی ئەو گونجاو نەبێت.

وتیشی: سەرەڕای ئەوەی لەکاتی سەردانیکردنی هاوڵاتیان ڕێنماییان دەکەین بەوەی زۆر بەکارینەهێنن یاخود لەژێر چاودێری پزیشکدا بن، بەڵام زیاتر فرۆشیان زیاد دەکات.

 

"باشترین ڕیگا بۆ ژنان لە کاتی سوڕی مانگانە دورکەوتنەوەیە لە دەرمانە ئازارشکێنەکان"

لەکاتی سوڕی مانگانە ژنان ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆری چاوەڕوان نەکراو دەبنەوە، بۆ شکاندنی ئازارە سروشتییەکەیان پەنا دەبە بەر خواردنی دەرمانی ئازارشكێن، کە جگە لە شکانی ئازارەکەیان زیان بە تەندروستی و منداڵدانی ژنان دەگەیەنێت، ئاهی ڕینمایی ژنان دەکات کە لەبری ئازارشکێن، جەوەنەی پزیشکی، گەرم ڕاگرتنی ئاستی منداڵدان، گەرماوکردن بە ئاوی شلەتێن، خواردنی تەندروست و شلەمەنی و دوورکەوتنەوە لە شیرینی و چەوری وەک چارەسەر بگرنەبەر.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر ئازاری سوڕی مانگانە زۆر بێت، دەتوارێت لەژێر ڕینمایی پزیشکدا ئازارشکێن بەکاربێت.

 

ئاهی ئەحمەد، پزیشکی دەرمانساز، ئاماژەی بەوەشدا لە ئێستادا ژنان لە کاتی سوڕی مانگانەدا سەریان کردووەتەسەر بەکارهێنانی دەرمانی "ڤۆلفاست"، کە دەرمانێکی یەکجار زیانبەخشە و دەبێت لێی دوور بکەونەوە، چونکە بۆ ئازارێکی زۆر بەرهەمهێنراوە و بۆ کەسێکە کە توانای بەرگەگرتنی ئازارەکەی نەبێت، ئەویش بە جۆرێک لە ساڵێکدا جارێک بۆ دووجار، زۆر خواردنی زیان بە گورچیەلە و گەدە دەگەیەنێت، هەروەها مەترسی خوێن شلکردنەوەی هەیە و بۆ ژنانی دووگیان و تەمەنی خوار ١٨ ساڵ نابێت بەکاربهێنرێت.

 

لەکاتی ئازار و بەکارهێنانی دەرمانەکانی ئازارشکێن، پێویستە نەخۆش و هاوڵاتی هۆشیاربن لەبارەی ئەو دەرمانەی بەکاریدەهێنن، پێویستە زانیاری تەواویان لەسەری هەبێت تا بزانن لەگەڵ جەستەیان دەگونجێت یاخود نا، تا زیان بە تەندروستی نەخۆش نەگات.

 

ت.پ