ژنانی باشوور و ئێزیدی پەیامێکیان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاڕاستەی بەرپرسان کرد

نوێنەرانی ژنانی باشووری کوردستان و ئێزیدی پەیامێکیان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران کرد و ئاماژەیان بەوەدا، چیتر لە ئاست داگیرکارییەکاندا بێدەنگ نەبن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان، گەل یەکگرتوونە و بە پێشڕەوی ژنان دژی داگیرکارییەکان بووەستێتەوە.

بەغدا

گروپێک لە ژنان وەک نوێنەری ژنانی باشووری کوردستان و ژنانی ئێزیدی دوێنێ لە بەغدا، پەیامێکیان دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و دژی ئەو هێرشانەی کە گەلی کوردی خستووەتە مەترسییەوە ئاڕاستەی گەلانی عێراق، دەسەڵات، حوکمەت و پەرلەمانی عێراق هەروەها هەموو نوێنەرایەتییەکان و کونسوڵخانەکانی عێراق کرد، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەدا ئەو کونسوڵخانانەی لە هەرێمی کوردستانن دەستی حیزبیان پێگەیشتووە و دەنگی ژن و هاوڵاتیان ناگەیەنن بۆیە بە پێویستیان زانی دەنگی خۆیان بگەیەنن بە نوێنەرایەتییەکان لە بەغدا.

 

"داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەموو پێوانە ئەخلاقییەکانی بڕیوە"

وەک نوێنەری ئەو ژنانە تارا حسێن باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە کیمیایی لە بەرامبەر شاخەکانی کوردستان بەکاردەهێنێت، کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی سڤیل دەکات، گوند و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان و عێراق تۆپ باران دەکات، دەوڵەتی تورکیا بەتەنها ئامانجی نەتەوەی کورد نییە بەڵکو ئامانجییەتی ویلایەتی موسڵ بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

لەم ماوەیەدا کە هێرشەکانی ئەنجامدا نۆ هاوڵاتی بە ڕەگەز عەرەب تیایدا شەهید بوون، ئەمەش دەیسەلمێنێت دەوڵەتی تورکیا بۆی گرنگ نییە هاوڵاتیان لە کام نەتەوە و ڕەگەزن، گرنگ بە ئامانجەکانی خۆی بگات، ئامانجییەتی ناکۆکی لە نێوان دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات.

 

"سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و باشووری کوردستان چارەنووسی کوردی خستووەتە مەترسییەوە"

تارا حسێن باسی لەوەکرد کە ڕایدەگەینن بۆ ڕای گشتی کە زهنیەتی دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیا هەروەها زهنیەتی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان و هاوکاریکردنی یەکتر، چارەنووسی کورد بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات، بۆیە بە پێوستی دەزانێت باڵادەستان گرنگی بدەن بە دەنگ و ئامانجی ژنان کە بەرپابوونی ئاشتییە.

دەڵێت "هەوڵی ئێمە بۆ پێشخستی دیموکراتییە لە نێوان هەموو ڕەگەز و ئاین و پێکهاتە جیاوزەکاندا، چونکە ئەگەر سیستمێکی دیموکراتی لە عێراق دروست نەبێت سەقامگیری دروست نابێت، دەمانەوێت دەنگی ڕاستەقینەی گەل بگات بۆئەوەی هیچ هێزێک نەتوانێت دەستێوەردان بکات".

هەروەها چیتر دەوڵەت و هێزێکی دیکە نەیەت بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلانی دیکە بدات و سیاسەتی خۆی لەناو عێراقدا جێبەجێ بکات، پێویستە گەلانی عێراق ئیرادەیان بۆ بگەڕێتەوە و ئاشتیانە پێکەوەژیان هەبێت لەنێو گەلانی جیاوازی عێراقدا، هەموو داگیرکاری و سیاسەتێکی دەوڵەتی عێراق شەرمەزار دەکەن.

 

"ئامانجمان بەرخۆدانی و ئازادی و ئاشتییە بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکاری دوژمن"

هەروەها نوێنەرانی ژنانی ئێزیدی شەنگال وەک نوێنەرانی عێراق پەیامی خۆیان ڕاگەیاند کە تیایدا هاتبوو:

" دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها هێرشەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە بەڵکو بۆ شەنگالیشە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، بۆیە نەک تەنها تورکیا بەڵکو هەموو ئەو دەسەڵاتدارانە شەرمەزار دەکەین کە لە ئاست هێرشەکاندا بێ هەڵوێستن وەک پەدەکە و حکومەتی عێراقی.

حکومەتی عێراقی چەندە پێویست بوو هەڵوێستی هەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەڵام تا کۆتا هێرشی خاوەنی هیچ هەڵوێستێک نەبوو چونکە زیانلێکەوتووان تەنها کورد بوون، بەڵام پێویستە حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێتە دەنگ، گرنگە هەمووان بزانن ئەو هێزەی لە ڕۆژئاواو شاخ بەرخۆدانی دەکەن ڕێگرە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، و ڕێگە نادات عیراق پارچە پارچە ببێت، ڕێگە بە سەرکەوتنی پلانی داگیرکاران نادات."

وەک ژنان ئاماژەیان بەوەکرد، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ پشتیوانیکردن لەو هێزانەی دژی داگیرکار دەوەستنەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هەڵوێستێک دەربڕی ڕایگەیاند لە هەوڵەکانی خۆیان ناوەستن تا ئامانجی ژنان کە بەرخۆدانی و ئازادی و ئاشتییە سەرنەکەوێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی بوەستێت و داگیرکارییەکانی ڕابگرێت چیتر هەوڵ بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی نەدات.