عێراق لە نێوان گرژی و ئاڵۆزی سیاسی چارەنووسی نادیارە
قەیرانی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، لە ژێر رۆشنایی بێتوانایی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی کۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، شاهیدی ئیفلیجییەکی تەواوی سیاسییە، لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە چەند ڕۆژی رابردوو دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کردووە
ناوەندی هەواڵ
لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە چەند ڕۆژی رابردوو دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کردووە، ڕۆژی شەممە دەستپێکردنی دانیشتنێکی کراوەیان لەناو بینای پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لە ماوەی ٤ ڕۆژدا هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمانی عێراق، لە یەکەم ڕۆژی مانگی موحەڕەمدا کە سەرەتای ساڵی کۆچییە، کە شایەتحاڵی یادکردنەوەی عاشورای موسڵمانانی شیعەیە، لە ناو بینای پەرلەماندا ئەنجوومەنی ماتەمینی حوسێنییان بەڕێوە بردووە.
سەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە، دانیشتنی کراوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە عێراق بەردەوامە، لەناو بینای پەرلەمان بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک دوای ئەوەی خۆپیشاندەران کۆنترۆڵی کورسیی دەسەڵاتی یاسادانانیان کرد، و خۆبەخشەکان شۆربا و هێلکەی کوڵاو و نان و ئاویان بەسەر ئەو خۆپیشاندەرانەدا دابەش دەکرد کە یەکەم شەویان لە پەرلەمان بەسەر برد.
لایەنگرانی موقتەدا سەدر ئەنجوومەنی ماتەمینی حوسێنییە لە ناو بارەگای پەرلەمان بەڕێوەدەبەن و لە یەکەم رۆژەکانی مانگی موحەڕەم لە عێراقدا گۆرانییەکانی عاشورای ئایینی لە رێگەی بڵندگۆوە پەخش دەکەن، کە موسڵمانانی شیعە یادی کوژرانی ئیمام حسێن ابن عەلی دەکەنەوە.
لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی شەممە کە لایهنگرانی سهدری سهدر له ناوهندی پایتهختی عێراق گردبوونهوه، له ئهنجامدا ١٢٥ بریندار له پێكدادان لهگهڵ پۆلیس روویدا کە دوایین ئامارەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە بڵاوکرایەوە.
گرژییە سیاسییەکانی عێراق، چارەنووسی گەل بەرەو شوێنێکی نادیار دەبات
دوای دیالۆگی بەردەوام و شکستخواردنی لایەن سیاسییە جیاوازەکانی عێراق، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی عێراق بەرەو خراپی بردووە و لە ئەنجامدا گرژی و ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە و لایەنەکانیش ناگەنە ڕێککەوتنێکی چارەنوسساز بۆ گەل.
لە كاتێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوای خۆپێشاندان كرد بۆ بەرگریكردن لە دەوڵەت و شەرعییەتی و دامودەزگاكانی بە ناونانی سەرۆک وەزیرانی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەگەڵ راسپاردنی کاندیدی محەممەد شیعە ئەلسودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و ئەو ململانێ سیاسیانەی کە دروست بووە دەسەڵاتدارانی عێراق کەوتنە بانگەوازی ئاشتی و دیالۆگ و داوای پاراستنی هێمنی و ئاسایشی وڵات دەکەن.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چووە ناو هێڵی قەیرانەوە و داوای لە هەموو لایەک کرد دیالۆگ بکەن و کۆتایی بە فیتنە بهێنن و داوای لە هێزە سیاسییە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە کرد کە هاوکار بن بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکییەک هەڵنەگیرسێت کە خوێنی هاوڵاتیانی عێراقی تیادا بڕژێت چونکە عێراق بە بارودۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، جەختی لەوەش کردەوە کە قەیرانی ئێستا سیاسییە و چارەسەرەکەی سیاسییە، داواشی كرد ڕێز لە دامودەزگاكانی دەوڵەت بگیرێت.
لای خۆشیەوە ئەو چوارچێوە هەماهەنگییەی كە نوێنەرایەتی هێزە شیعەكانی عێراق دەكات، جگە لە رەوتی سەدر، رایگەیاند: ئێمە لایەنە سیاسییەكانی پشت ئەم پەرەسەندنە بە بەرپرسیار دەزانین لەوەی كە رەنگە ئاشتی مەدەنی بەر زیان بكەوێت.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای لە خۆپیشاندەران كرد ئارامی خۆپیشاندانەكە بپارێزن، هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت هێزەكانی پاراستنی پەرلەمان پەلاماریان بدەن.
داواشیكرد "كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی نیشتمانی بۆ بەدیهێنانی گفتوگۆیەكی نیشتمانی كاریگەر و بەرپرسیارانە ئەنجام بدرێت، كە دەرئەنجامەكانی لەپێناوی وڵات و ئەولەویەتی بەرژەوەندییەكانی دەبێت بەسەر هەموو بەرژەوەندییە حزبی و كوتلییەكاندا".
بەم پێشهاتانە وا دیارە قەیرانی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، دوای دە مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی یاسادانان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ئەم وڵاتە لە ژێر رۆشنایی بێتوانایی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی کۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، شاهیدی ئیفلیجییەکی تەواوی سیاسییە.
پێگەی سەرۆک وەزیران لە عێراق بە شێوەیەکی نەریتی دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتییەکی شیعە کە بە کۆدەنگی لە نێوان هێزە سیاسییە شیعەکاندا هەڵدەبژێردرێت، بەڵام موقتەدا سەدر کە کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق هەیە، ویستویەتی ئەو كەسە بێت كە لەگەڵ هاوپەیمانە كورد و سوننەكانیدا سەرۆك وەزیرانی حكومەتێكی "زۆرینە" كاندید دەكات.