دەوڵەتی تورکیا لەناو هەرێمی کوردستان هێرشەکانی درێژە پێدەدات
ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی بێ فرۆکەوانەوە باشووری کوردستانی بۆردومانکرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری لەسەر ڕێگەی نێوان چوارقوڕنە و ڕانیە کردە ئامانج و بەپێی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی لە بۆردوومانەكەی توركیادا پیاوێكی تەمەن ٥٢ ساڵ بەسەختی برینداربووە .
سی پی تی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی قسەی شایەتحاڵەكان، لەو بۆردومانەدا بریندارێكی تریش لە ئۆتۆمبێلەكەدا ھەبووە بەڵام لە ئێستادا نادیارە و ناو و ناسنامەی بریندارەکان ئاشکرا نەکراوە.
جێی ئاماژەیە تا ئیستا هیچ لایەنێکی فەرمی و ئەمنی هەرێمی کوردستان لێدوانیان لەو بارەیەوە نەداوە، لەکاتێکدا دەوڵەتی تورکیا هێرش و بۆردومانەکانی لەناوجەرگەی باشووری کوردستان و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری وڵاتەکەیەوە درێژە پێدەدات.
بەر لە ١٠ ڕۆژ و لە ٢٠ی تەمموزدا دەوڵەتی تورکیا هێرشی ناوچەی گەشتیاری پەرەخی لە سنوری زاخۆ کرد و بەهۆیەوە ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٦ کەسی دیکە برینداربوون کە سەرجەمیان گەشتیاری بە ڕەگەز عەرەب بوون، هاوکات لە ماوەی ئەمساڵیشدا چەندین جار سنوری چەمچەماڵ و ئاغجەلەر و کەلار بۆردومان کراوە و لە هێرشەکاندا هاوڵاتی و ئۆتۆمبێلی مەدەنی دەکرێنە ئامانج.