پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ژنێک وەریدەگرێت

مامۆستا بەناز وەک ژنێک پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی وەردەگرێت

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی یەکشەمە ٣١ تەمووز، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پارێزگا، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، سەرپەرشتیاری ئامادەیی و بنەڕەتی ڕۆژئاوا مەراسیمی دەستاودەستکردنی پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

مامۆستا بەناز ڕەمەزان حەمە لە پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی وەک ژنێک دەست بەکاربوو لە شوێنی مامۆستا بەکر محەمەد بۆ ڕاپەڕاندنی سەرجەم کارەکانی پەروەردەی ڕۆژئاوا.

بەڕێوەبەری گشتی ڕۆڵی مامۆستا بەكری بەرز نرخاند لە بەرامبەر ئەرك و خزمەتـكردنیان و هـەوڵ و ماندووبونیان بەوپـەری دڵسـۆزییەوە لە مـاوەی كاركردنی بۆ پرۆسـەی پەروەردە و لە کۆتایدا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا، وە پشتیوانی و هاوكاری خۆی بۆ مامۆستا بەناز دەربری بۆ زیاتر خزمەتكردنی پرۆسەی پەروەردە.

یەکسانی ڕەگەزی پێویستە لە سەرجەم پۆستەکانی بەڕێوەبەری دامودەزگاکان ڕەچاو بکرێت تا ژنانیش بتوانن بە هەوڵ و تواناکانیان خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن و شوێن دەستیان دیاربێت لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان.