پێنج ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتن؛ تا دوا هەناسە لە دژتان دەوەستم
بێریتان، ژنێکی کوردی چالاکوانە لە وڵاتی بەریتانیا، ماوەی ٥ ڕۆژە وەک پشتیوانی لە زیندانیانی بادینان دەستی بە مانگرتن کردوە و دەڵێت دژی ستەمکاری تا دوا هەناسە دەوەستمەوە.
ناوەندی هەواڵ
بێریتان، چالاکوانێکی دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، بەردەوام لە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵکوژی و هێرش بۆسەر گەلی کورد و بەتایبەت گەندەڵی، کوشتن، توندوتیژی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بەرامبەر گەلەکەیان بەشدارە و دەنگی ناڕازی کوردانی تاراوگەیە.
بێریتان چەندین ساڵە لە وڵاتی بەریتانیاوە بەردەوامە لە تێکۆشان و وەک ژنێک پشتیوانی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کوردە لە چوار پارچەی کوردستان، ماوەی پێنج ڕۆژە دەستی بە مانگرتن کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە زیندانیانی بادینان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گروپێک لە زیندانیانی بادینان لە زیندانەوە دەستیان بە مانگرتن کردووە و سورن لەسەر بەردەوامیدان، سەرەڕای ئەوەی بەشێکیان تەندروستییان لە مەترسیدایە، مانگرتنەکەشیان بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێکارە یاساییەکانە بۆیان.
ئەو چالاکوانە دوێنێ شوێنی مانگرتنەکەی گواستەوە بۆ بەردەم نوسینگەی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وێنەی زیندانیانی بادینان، خۆپیشاندەران، ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراوی باشووری کوردستان و دەسەڵاتداران، داواکاری زیندانیانی بادینانی بە زمانی ئینگلیزی هەڵواسیوە، لە پەیامێکی ڤیدیۆیشدا دەڵێت: من وەک ژنێک هاتوومەتە مەیدان لە دژی دەسەڵاتی جاش و خۆفرۆش و ستەمکار، من لە دژتان وەستاوم و دەوەستم تا کۆتا هەناسەم و پشتیوانی زیندانیانی بادینانم.