یوسرا ڕەجەب: تورکیا سەروەری عێراق پێشێلدەکات و کازمیش کۆنگرەی لوتکەی بەغدا دەبەستێت
ئەمڕۆ کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بە بەشداری ٩ وڵاتی دراوسێ و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەسترێت، لەکاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیا سەروەری خاکی عێراق پێشێلدەکات و ئەندام پەرلەمانێکیش دەڵێت كازمی بهنیازی چیت و دهتهوێت ئهم وڵاته بهرهو كوێ بهریت؟!.

ئەمڕۆ کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بە بەشداری ٩ وڵاتی دراوسێ و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەسترێت، لەکاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیا سەروەری خاکی عێراق پێشێلدەکات و ئەندام پەرلەمانێکیش دەڵێت كازمی بهنیازی چیت و دهتهوێت ئهم وڵاته بهرهو كوێ بهریت؟!.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە شاری بەغدا، کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بە بەشداری ٩ وڵات و ڕێکخراوی عەرەبی و نێودەڵەوتی، لەوانە ئێران، تورکیا، قەتەر، کوەیت، ئیمارات، ئەردەن، میسر، سعودیە و فەرەنسا و نوێنەرایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی، بەڕێوەدەچێت.
حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند کە کۆنگرەی لوتکەی بەغدا چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت کە سەرەکیترینیان سەبارەت بە دیبلۆماسییەتی عێراقە کە سەقامگیری بۆ عێراق دەستەبەر بکات، هەروەها هاوکاری و هاوبەشی لە کاری سیاسی، ئابوری و دیبلۆماسیدا دەبێتە بابەتی گفتوگۆی لوتکەی بەغدا.
ئەم کۆنگرەیە یەکەمین جارە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و سەرۆکی پێشووتری عێراق، سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بە شێوەیەکی وەها فراوان بەڕێوەبچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی سنورەکانی عێراق و سەروەری خاکی عێراق بنپێ دەخات.
"لەبری هەڵوێستی توند، کازمی وڵاتانی دراوسێی بانگهێشتی عێراق دەکات"
یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی دەربارەی بەستنی لوتکەی بەغدا دەنووسێت، "سبەینێ کارەکـانی کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بۆ وڵاتـانی دراوسێ بەڕێوەدەچێت، کازمی لەکاتێکـدا ئەم لوتکەیە سازدەکـات بەشێک لەوڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت تورکیـا بەهەمیشەی سەروەری عێراق پێشێلدەکـات، فرۆکەکانی لە قوڵای سەدان کیلۆمەتر لە نێوخاکی عێراق کردەوەی سەربازی ئەنجـامدەدەن".
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە بەشداری وڵاتانی ئێران و تورکیا دەنووسێت، "لە بری بەکارهێنانی ڕێکاری دیبلۆماسی و پیشاندانی هەڵوێستی توند، کـازمی بانگهێشتنامەیان بۆ دەنێرێت بۆ بەشداریکردن و ڕێزگرتنیان لە کۆنگرەی لوتکـە، هەرچـەندە لوتـکەی بەغدا بە تێچویەکی زۆر بەئامانجی ئەوە ئەنجامدەدرێت کە تەواوی سەرۆکی وڵاتانی دراوسێ کۆبکـاتە، بەڵام تورکیا و ئێران و سعودیە بۆ سـوکایەتی بە کازمی و حکومەتەکەی و وڵاتیش لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەیان نوێنەرایەتیان دەبێت لە کۆنگــرەکەدا".
ئەمڕۆ کۆنگرەی لوتکەی بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەپێی زانیاری لەسەر ئامادەکارییەکان هیچ ژنێک لە ئاستی نوێنەرایەتیشدا بەشداری لوتکەی بەغدا نەبووە، لەکاتێکدا بەپێی بڕیاری ١٣٢٥ کە بۆ "ژن، ئاشتی، ئاسایش" لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرکرا، باس لە بەشداری ژنان دەکات لە سیاسەتدا و زۆرترین وڵاتانی بەشداربووی لوتکەی بەغدا پابەندی خۆیان بە بڕیارەکەوە دەربڕیوە، بەڵام کاری پێناکرێت.
ت.پ