شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هێرشی سوپای تورکیا لە بەهێزییان نییە، بەڵکو بێدەنگی لایەنەکانە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا چاوپۆشی و بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغداد لەئاست چەندبارە بوونەوەی هێرش و پەلامارە دوژمنکارانەیەی دەوڵەتی تورکیا جێگەی پرسیار و نیگەرانییە.

ناوەندی هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، سەرکۆنەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتی و ناوچەی نیشتەجێبوونی مەدەنی دەکات و بێدەنگی حکومەتی هەرێم و بەغداش بەجێگەی پرسیار دادەنێت.
لە بڵاوکراوەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژە بەوەدەدات، بۆردومانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان جگە لەوەی زیان بەجووتیاران و گوندنشینان دەگەیەنێت، مەترسیەکی گەورەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە، پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی مرۆڤایەتییە .
"بێدەنگی لایەنەکان ڕێگە خۆشکەرە بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا"
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بێدەنگی حزب و لایەنە سیاسییەکان بە هۆکاری شکاندن و پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستدرێژی کردنەسەر خاک و خەڵکی ئێمە لەلایەن سوپای تورکیاوە دادەنێت و دەڵێت: "لە بەهێزی ئەوان نیە، بەڵکو لەبێدەنگی و بێهەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدادە کە ڕێگەی بۆ خۆش کردوون ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پەلامار بدەن و سڵ لەهیچ شتێک نەکەنەوە".
گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت کاربەدەستانی بێدەنگ کردووە
دەشڵێت چاوەڕێ بووم کە هێزێکی سیاسی بێدەنگ بەڵام بەداخەوە هەمووان بێدەنگ بوون، "باس لە بێهەڵوێستی و بێدەنگی بەرپرسانی هەرێم ناکەم، چونکە دەزانم ئەوان گوێچکەکانیان لەگەڵ زریکە و هاواری گەورە و بچووکی ئەم ووڵاتە ڕاهاتووە، لووتیان پڕ بووە لەبۆنی دووکەڵی کێڵگە و گوندە سوتاوەکانی کوردستان ، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و گرێبەستە ٥٠ ساڵییەکە زمانی قرتاندوون !، ئەوەی سەیرە بێهەڵوێستی کاربەدەستانی بەغدادە، لەکاتێکدا سەرقاڵی نێوەندگیری ووڵاتانی ناکۆکی ناوچەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەموو کێشە و گرفتەی نێوان خۆیان و تورکیا !!."
لە کۆتایشدا ئەو ئەندامەی یەنەکەش داوا دەکات کە پێویستە ئیدانەی هێشەکان بکرێت و ڕێگە نەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی سیاسەتی چەوت و ڕەگەزپەرستانەی نەیارانی گەلەکەمان و تەسفیە حیساباتی کێشە ئیقلیمییەکان، بەرژەوەندی باڵای گەل بەکردار بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسی و حزبی و ئابوورییەکان.
ت.پ