دوای توندوتیژییەکی زۆر پیاوێک ژنەکەی کوشت

دوای ئەوەی باوکێک کچەکەی لە تەمەنێکی منداڵیدا داوە بە شوو، دواتر لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر کراوە تا لە دوایدا بە مردن کۆتای بە ژیانی هات.

یەمەن

 

ڕۆژی ٢٧ی ئاب لە پارێزگای تعزی یەمەن، پیاوێک بە هاوکاری بنەماڵەکەی هاوژینەکەی بە ناوی "ریناس" کوشتووە، سەرچاوەیەکی مافی مرۆڤیش ئاماژەی بەوەداوە تاوانبارەکە هەوڵی داوە تەرمی ژنەکە بە شاراوەیی بەخاک بسپێرێت، بەڵام لەلایەن دایک و باوکی ژنەکەیەوە شکاتی لێکراوە.

 

ڕیناس عەبدوڵا محەمەد لە تەمەنی ١٧ ساڵیەوە هاوسەرگیری کردووە، دوای هاوسەرگیریش هیچ کاتێکی خۆشی نەبووە، چونکە لە ماڵی هاوژینەکەیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، مارینا کەمال، داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، ئیدانەی تاوانەکەی کرد و ڕایگەیاند: "ناتوانین وێنای ئەوە بکەین چۆن لە ژێر ئەشکەنجەی هاوژینەکەیدا ژیاوە، جۆرە ئەشکەنجەیەک کۆتایەکەی مردن بێت".

 

ڕشاد سامعی ئاماژەی بەوەدا: "تاوانی ئەشکەنجەدانی ڕیناس تەنها نابێت لە ئەستۆی هاوژینەکەیدا بێت، بەڵکو باوک و ئەو دادوەرەی لە مەحکەمە مارەی کردووە بەرپرسیارن"، هەروەها هەموویان بە بەشداربووی ئەو تاوانە ناودەبات، چونکە تاوانێکە بە ئەشکەنجەدان دەستی پێکردووە و هەمووی لە ئاستیدا بێدەنگبوون تا بە مردن کۆتای هات.

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ژنهای ڕاگەیاند، تاوانبارەکە و باوک و زاوایەکیان دەستگیرکراون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و هەتا ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

 

ت.پ