ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: هەماهەنگی ئەو ڕێکخراوانە مەکەن کە ناوچەکان کاول دەکەن

لە ئەنجامی دوو جار بۆردومانکردنی شارۆچکەی شەنگالدا ٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١٣ هاوڵاتی بریندار بوون، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوا دەکەن دەستپێشخەری بۆ بنیادنانەوەی شەنگال بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی CPT, UPP, CODEPINK, ICSSI کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، داوا کرا کە دەستپێشخەری بۆ بنیادنانەوەی شەنگال بکرێت و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو حکومەتانە نەکرێت کە شار و شارۆچکەکان کاول دەکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، سوپای سەربازی تورکیا دوو جار بۆردوومانی ناوچە مەدەنی نشینەکانی قەزای شەنگالی لە عێراق کرد و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا ٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بەلایەنی کەمەوە ١٣ هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون، شەنگال ناوچەیەکی ئێزدی نشینە و لەدوای جێهێشتی داعش لە ٢٠١٤دا داعش زۆر دڕندانە هێرشیان کردە سەر ناوچەکە".

 

لە دوو ڕۆژدا دوو هێرش کرایەسەر شەنگال

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە وردی ئاماژە بە دوو هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ شەنگال کرا و ئاماژەش بەوەکراوە کە یەبەشە دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە دامەزرا، هێزێکی چەکداری فەرمی عێراقە لە ناوچەکەدایە، لە ڕۆژی ١٦ی ئابدا چەند ئەندامێکی یەبەشە لە ڕێگەیاندا بۆ کارێکی دیبلۆماسی لەگەڵ وەفدێکی باڵای عێراقدا، وەک بەشێک لەسەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بۆ قەزای شەنگال، بووە ئامانجی بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا، لە ١٧ی مانگیشدا هێرشکرایەوە سەر نەخۆشخانەی گوندێک کە بە هۆیەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

هاوکاری ئەو دەوڵەتانە مەکەن کە کاولکاری ئەنجام دەدەن

ڕاگەیەندراوەکە هێرشەکەی ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٠یش بەبیر دەهێنێتەوە کە دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی نەخۆشخانەی سەفرەیان لە پارێزگای سلێمانی کرد و تا ئێستا نەخۆشخانەکە نەکراوەتەوە، لە کۆتایشدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەشداربووی ڕاگەیەندراوەکە داوادەکەن:

 

ئێمە وەکو چوار ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، CPT, UPP, CODEPINK, ICSSI سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا دەکەین بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و شوێنی مەدەنی نشین و نەخۆشخانە و شوێنی چارەسەری تەندروستی. ئێمە داوا لە وڵاتانی بیانی دەکەین، کە هاوکاربن و دەستپێشخەری بکەن بۆ بنیاتنانەوەی شەنگال-ی دوای شەڕی داعش و یارمەتی و هەماهەنگی زیاتر پێشکەش بەو حکومەتانە نەکەن کە دەیانەوێت شار و شارۆچکەی زیاتر کاولبکەن.

 

ت.پ