هەورامان، لە کۆی ٢٥٥ کانیاو ١٦٦یان ووشکی کردووە

ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، دەرئەنجامی سەردانێکی مەیدانییان بۆ گوندەکانی سنوری هەورامان و لێکۆڵینەوە لە کاریگەری وشکەساڵی لەسەر کانیاو و و دانیشتووانی گوندەکان خستەڕوو.

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان لە بینای ڕێکخراوەکە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەشی ژینگەییدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد بۆ ڕاگەیاندنی ئاماری تایبەت بە کاریگەری وشکەساڵی لەسەر ناوچەی هەورامان، بۆ دەستکەوتنی ئامارەکەش بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی گوندەکانی ئەو ناوچەیەیان کردووە و ئەنجامەکانیان بەدەستهێناوە.

 

سارا سەلام، بەرپرسی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوی نوێ، لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەیەکی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کرد و باسی لەوەکرد کە ناوچەی هەورامان لە ٢٥ گوند، شارەدێ و گوندی کشتوکاڵی پێکهاتوە و دانیشتوانەکەی بژێویان لەسەر ئەو ناوچانەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی وشکە ساڵیەوە مەترسی لەسەر بژێوی دانیشتووانی ناوچەکە دروست بووە.

 

بەپێی ئەو ئامارەی کە ڕاگەیەندرا لە کۆی ٢٥٥ کانیاو لە ٢٥ گونددا کە سەردانی مەیدانییان بۆ کردووە، ١٦٦ کانیاو بە تەواوی وشکی کردووە کە دەکاتە ٪٦٠ی کانییاوەکانی ناوچەکە و ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر ڕووبەری سەوزایی و دار گوێزەکان هەیە.

 

ڕێکخراوەکە داوایەکیشیان ئاڕاستەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار کرد و مەترسی وشکبوونی کانیاوەکان و مەترسیان لەسەر دانیشتوانەکەی خستەڕوو.

ت.پ