لافاو لە پاکستان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس
بەهۆی لافاو و بارانبارینی چڕەوە پارێزگا هەژارنشیینەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە پاکستان، مانگی ڕابردوو تەڕترین مانگ بووە لە سێ دەیەی ڕابردوودا و بە ڕێژەی ٪٣٣ زیاتر بووە لە تێکڕای بارانبارین لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو کە باریووە.
ناوەندی هەواڵ
گۆڕانی کەشوهەوا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کاریگەری ژینگەیی دروستکردووە و دۆخی نەخوازراوی دروستکردووە، لافاوی بە خوڕ و خێرا بەهۆی بارانبارینی نائاسایی بەهێزی وەرزی لە ماوەی مانگی رابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٥٤٩ کەس، کۆمەڵگە دوورەکان لە پارێزگا هەژارنشیینەکان لە باشووری رۆژئاوای بەلوچستان لەنێویاندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
دامودەزگا حكومییەكان و سوپا كەمپی فریاگوزارییان لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی لافاوەکەدا داناوە و كاردەكەن بۆ یارمەتیدانی گواستنەوەی خێزانەكان و دابینكردنی خۆراك و دەرمان.
دەسەڵاتی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رایگەیاندووە، جگە لە گیانلەدەستدانەکان، لافاوەکە زیانی بە زیاتر لە ٤٦ هەزار و ٢٠٠ خانووی گەیاندووە.
شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی لەمیانی سەردانێکدا بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکان وتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بەرفراوان و نۆژەنکردنەوەی لێقەوماوانی لافاو."
بەڵام حکومەتی پارێزگای بەلوچستان ڕایگەیاندووە کە پێویستی بە بودجەی زیاتر و بانگەوازی کردنە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ یارمەتیدانیان.
لە هەموو قەزاکان کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، کەمی خۆراک هەبووە، هەندێکیشیان لە پارێزگاکانی دیکە پچڕاون بەهۆی تێکچوونی ڕێگاکانی هاتوچۆوە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٧٠٠ کیلۆمەتر ڕێگاکان ئاویان لێ کۆبووەتەوە، پارێزگاکە پێویستی بە هاوکارییەکی گەورە هەیە لەلایەن حکومەت و لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانی هاوکاریکردنەوە.
مانگی ڕابردوو تەڕترین مانگ بووە لە سێ دەیەی ڕابردوودا و بە ڕێژەی ٪٣٣ زیاتر بووە لە تێکڕای بارانبارین لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو کە باریووە، بەلوچستان کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و ئەفغانستان، بەڕێژەی ٪٣٠ زیاتر لە تێکڕای ساڵانە باران باریووە.