ژنانی ئێزدی لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان باس لە تێکۆشانیان دەکەن
ژنانی ئێزدی کە بەشداربوون لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان، جەختیان لە گرنگیی کۆنفرانس کردەوە و ڕایانگەیاند، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی بە ژنانی جیهان دەناسێنن.
تونس
دوێنێ، ٤ی ئەیلول سێهەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس بە دروشمی "پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان" بە بەشداری نوێنەرانی نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە تا ١٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ژنانی ئێزدی تێیدا بەشدارن.
"تێکۆشانی ژنانی ئێزدی نیشان دەدەین"
ڕیهام حەجۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، لە بارەی کۆنفرانسەکەوە ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ژنانی نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە و وتی: وەک ژنانی شەنگال بەشدارین، بەشداری هەڵسەنگاندنەکان دەبین و داواکارییەکانی گەل و ژنانی ئێزدی و ئەو ئازارانە دەخەینەڕوو کە شەنگالی پێدا تێپەڕی، لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس، دەمانەوێت ئامانجەکانمان و واقیعی شەنگال و ژنانی ئێزدی و تێکۆشانی دوای چەتەکانی داعش بۆ هەموو جیهان باس بکەین و خۆمان بناسێنین. ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بە جلوبەرگی کولتووریمانەوە دەمانبینن دەیانەوێت بمانناسن، ئێمەی ژنانی ئێزدی زۆرترین ئازار و نادادپەروەریمان بەسەرهاتووە لە جیهاندا. ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەمڕۆ لێرە داوای مافەکانمان بکەین.
"زیاتر لە ئازار، باسی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی دەکەین"
فەریدە شەنگالی، بەڕێوەبەری تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی رایگەیاند، بەستنی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە بۆ هەموو ژنان هەنگاوێکی گەورەیە و وتی: ئەمڕۆ هەموو ژنانی جیهان لێرەین، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی هاتووین بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسەدا تا تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی بە ژنانی جیهان بناسێنین و ئازارەکانمان بخەینەڕوو، بهڵام زیاتر لە ئازار، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی دهناسێنین، خۆشحاڵین بە کۆنفرانسەکە و ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ هەموو ژنان، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی ژن دەتوانێت هەر شتێک دروست بکات.