فاو: نرخی خۆراک بەردەوامە لە دابەزین

بۆ پێنجەم مانگی لەسەریەک ئاماژه‌كانى ڕێکخراوی خۆراک‌ و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-فاو دابەزینی نرخی خۆراکی لە جیهاندا تۆمارکرد.

ناوەندی هەواڵ


ڕێکخراوی خۆراک‌ و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-فاو ڕایگەیاند، ئاماژه‌كانى نرخی خۆراک لە مانگی ئابدا بە ڕێژەی ١.٤٪ دابەزیوە، ئەویش بەهۆی کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکراینا لەسەر دەریای ڕەش بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی دیبلۆماسیی‌ و کاریگەری پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی بەرهەمی گەنمی ئەمریکای باکوور و ڕووسیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە بەرامبەردا نرخی گەنمەشامی لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٪١.٥ بەرزبوونەوە، ئه‌وه‌ش دوو هۆكارى هه‌یه‌، یه‌كه‌میان کاریگەرییەکانی گەرم بوونى کەشوهەوا و هه‌روه‌ها دابەزینی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە لە ئەوروپا و ئەمریکا.

جەختیشی کردووەتەوە بە کاریگەری باشبوونی هەناردەکردن‌ و کردنەوەی بەندەرەکاندا، نرخی ڕۆنی گیایی ‌و شەکر و بەرهەمەکانی شیرەمەنیی ‌و گۆشت لە جیهاندا  دابەزیوون.

 

ئاشکرایە کە هەمیشە جەنگ بەدەر لە کارەساتە گیانی و وێرانکارییەکان، کەمبوونەوەی خۆراک و بەرزبوونی نرخیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە ئەمساڵدا شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دانەوێڵە لە بازاڕەکانی جیهاندا و نرخی خۆراک بەرز بووەتەوە، بەڵام ئەوە ٥ مانگە نرخی خۆراک بەرەو نزمبوونەوە دەچێت، بەتایبەت دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ بازاڕە جیهانییەکان.